بەهۆی بوومەلەرزەكەوە پێشبینی گیانلەدەستدانی 20 هەزار كەس دەكرێت



ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەكەی باكووری كوردستان و توركیا، رۆژئاوای كوردستان و سووریا گەیشتە چوار هەزار و 365 كەس و تەندروستیی جیهانیش پێشبینی دەكات 20 هەزار كەس گیانیان لەدەستدابێت.

بەپێی ئامارە فەڕمییەكان، لە تەواوی ناوچەكەدا، سەروو پێنج هەزار و 600 باڵەخانە و خانوو بەهۆی بوومەلەرزەكەوە رووخاون.

ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی شوباتی 2023، بەڕێوەبەرایەتی كارەسات و باری لەناكاوی توركیا ناسراو بە ئافاد بڵاویكردەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەی 6ـی شوباتەوە لە باكووری كوردستان و توركیا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 2 هەزار و 921 كەس. هەروەها تائێستا سەروو 7 هەزار كەس لەژێر دار و پەردووی باڵەخانەكان رزگار كراون.

بەپێی ئامارە فەڕمییەكان لە سووریا، ژمارەی ئەو كەسانەی لە ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە هەزار و 440 كەس. بەوەش كۆی ژمارەی گیانلەدەستدان لە ناوچەكەدا دەگاتە 4 هەزار و 365 كەس.

هاوكات، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان مەزەندەی دەكەن تاوەكو 20 هەزار كەس بەهۆی بوومەلەرزەكەوە گیانیان لەدەستدابێت.

كاترین سمۆڵوود، بەرپرسی باڵای فریاكەوتنی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، “بەردەوام ئەگەری داڕووخانی زیاتر هەیە، بۆیە ئێمە بە زۆری پێشبینی ئەوە دەكەین ژمارەكان هەشت هێندە بەرزببنەوە.”.

بەگوێرەی ئافاد، تائێستا سەروو 14 هەزار كەس لە باكووری كوردستان و توركیا بەهۆی بوومەلەرزەكەوە بریندار بوون و لە سووریاش لانیكەم 3 هەزار و 411 كەس بریندار بوون.

 

حكومەتی هەرێم هۆكاری پشووە سێ ڕۆژييەكەی ئاشكراكرد
پێت حكومەتی هەرێم هۆكاری پشووە سێ ڕۆژييەكەی ئاشكراكرد
چۆن ئاژەڵ هەست بە بوومەلەرزە دەكات؟
دوات چۆن ئاژەڵ هەست بە بوومەلەرزە دەكات؟
پەیوەنیدر