سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنانی كوردستان، 10 ملیۆن دینار دەبەخشێت بەو كەسەی تەرمی ئەیوبی تە مەن 13 ساڵانی دۆزییەوە.
ئەیوب ئەحمەدی تەمەن 13 ساڵان دوای بێسەروشوێنبوونی بۆ ماوەی 13 ڕۆژ، لە شاری هەولێر بە مردوویی دۆزرایەوە.
دوای ونبوونی ئەیوبی تەمەن 13 ساڵان لە شاری هەولێر، مەلا یاسین مەحموود، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بڕی 10 ملیۆن دینار بە دیاری دەداتە هەر كەسێك بتوانێت ئەیوب بدۆزێتەوە و بیگەڕێنێتەوە لای خێزانەكەی، كە ئەوكاتە ئەیوب بێسەروشوێن بوو.
مەلا یاسین مەحموود، ئەمڕۆ بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بڕیارمدابوو بڕی 10 ملیۆن دینار بەو كەسە ببەخشم كە ئەیوب بە زیندوویی دەدۆزێتەوە، بەڵام بەداخەوە وەك دەزانین ئەیوبی جوانەمەرگ تەرمەكەی دۆزرایەوە. بۆیە بڕیارمدا ئەو بڕە پارە بەو كەسە ببەخشم كە تەرمی ئەیوبی دۆزیوەتەوە”.
مەلا یاسین مەحموود ئاماژەی بە ئەوەشكرد،” ئەو كەسەی تەرمی ئەیوبی دۆزییەوە پەیوەندی پێوەكردم و پێدەچێت خێزانێكی كەمدەرامەت بن، هەر بۆیە بڕیارمدا ئەو پارەیەی پێببەخشم”.
وتیشی،” خۆم سەردانی خێزانی ئەیوبی جوانەمەرگ دەكەم و هەرشتێكیان پێویست بوو، هاوكاریان دەبم”.
ڕۆژی 24\1\2023، ئەیوبی 13 ساڵان لە شاری هەولێر لە ماڵەوە چووە دەرەوە و نەگەڕایەوە، دوای 13 ڕۆژ لە نبوونی و گەڕانی بەردەوامی خانەوادەكەیی و هێزە ئەمنییەكان و تیمەكانی بەرگری شارستانی شارەكە، دوێنێ بە مردوویی دۆزرایەوە.