بەرپرسێكی پێشمەرگە وازی لە پۆستەكەی هێنا



سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە كۆتاییهاتنی ئەركەكەی لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیاند.

سەربەست لەزگین لە پەیامێكدا رایگەیاند “ئەمڕۆ ئەركی من كۆتایی دێت وەك بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، بەم بۆنەیەوە خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم، كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەناو وەزارەتی پێشمەرگە كارم كردووە لەگەڵ بەڕێوەبەر و فەرماندە و ئەفسەر و پێشمەرگە قارەمانەكان، لێرەوە رێز و سڵاو بۆ هەموو ئەو كەسانە دەردەبڕم كە رۆژانێك بەیەكەوە بووین و هەماهەنگی نێوانمان و كاری بەیەكەوە بوونمان دەسكەوتی زۆری بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەدەست هێناوە”.

دەشڵێت “بێگومان لەو ماوەیەدا گەلێك قۆناغی سەخت و دژوارمان پێكەوە بڕی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، هەروەها بە سەر گەلێك كۆسپ و تەگەرەشدا سەركەوتین لە پڕۆسەی چاكسازی و رێكخستن و یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتدا، لەمڕۆوە قۆناغی باشمان بڕیوە و هیوادارم و دڵنیام پڕۆسەكە بەردەوام دەبێت و بەشێوەیەكی باشتریش بەڕێوە دەچێت و پلانەكان جێبەجێ دەبن، دڵنیاشتان دەكەمەوە لەهەر جێگایەك بم هەر پێشمەرگەم و هاوكار و پاڵپشتی ئێوە دەبم،
سڵاو و درود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی رێگای كوردستان و خانەوادە سەربەرزەكانیان دەنێرم”.

ئاماژە بەوەشدەكات “هیوای سەركەوتن بۆ عبدالخالق باپیری وەك بریكاری نوێی وەزارەتی پێشمەرگە و گشت ئەفسەر و فەرماندەكان دەخوازم و هیوادارم پلانی داڕێژراوی وەزارەتی پێشمەرگە بە هەماهەنگی و تەبایی نێوان بەرپرسەكانی سەركەوتو بێت”.

ڕاشیگەیاند “هەر لێرەوە بە پێویستی دەزانم سڵاو و رێزی تایبەتی بنێرم بۆ تیمی راوێژكارانی سەربازی هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستان، كە بەردەوام لەگەڵماندا ئەركیان كێشاو لە پڕۆسەی گەیاندنی هاوكارییە لۆجستییەكان و راوێژكاری لەبوارەكانی مەشق و راهێنان و ئۆپەراسیۆن و پلان دانان و چاكسازی و راگەیاندن هاوكارمان بوون، لە كۆتاییدا، دەخوازم هەموو لایەك سەرفراز و سەركەوتو بن، لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە گەورەكانی خەڵكی كوردستان”.

لەتێلگرامی خەڵک زانیاری زیاتر بەردەستە

سەرۆكی هەرێم سەرەخۆشی لە باكووری كوردستان دەكات
پێت سەرۆكی هەرێم سەرەخۆشی لە باكووری كوردستان دەكات
ئەردۆغان: لە كورتترین ماوە و بە كەمترین زیان دۆخەكە تێدەپەڕێنین
دوات ئەردۆغان: لە كورتترین ماوە و بە كەمترین زیان دۆخەكە تێدەپەڕێنین
پەیوەنیدر