وەزیری دارایی: بۆ بە دامەزراوەیی كردنی ژێرخانی فەرمانگەكان هەنگاوی باشمان ناوە



وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم لە بەسەركردنەوەی بەڕێوبەرایەتی گشتی بانكە بازرگانییەكان لە شاری هەولێر ڕایگەیاند، لەم كابینەیەدا هەنگاوی باش بۆ بەدامەزراوەیكردنی ژێرخانی ئیداری فەرمانگەكانی حكومەت نراوە كە بەشێكی ئەنجامەكەی لە ساڵانی داهاتوو دەردەكەوێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، ئاوات جەناب نووری لەمیانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری ژمارەیەک لە بانکەکان ڕایگەیاند، “لە چوارچێوەی سیاسەتی چاكسازی حكومەتی هەرێم بۆ بە دامەزراوەیكردنی ژێرخانی فەرمانگەكانی حكومەت وەك وەزارەتی دارایی هەنگاوی باشمان ناوە و لە سەرەتای ئەم كابینەیەوە توانیومانە بەشێك لە كاروباری فەرمانگەكانی وەزارەت بە ئەلكترۆنی بكەین و پڕۆسەكەش بەردەوامە.

دوای بەسەركردنەوەی بەشە جیاوازەكانی بەڕێوبەرایەتی گشتی بانكە بازرگانیەكان وەزیری دارایی دەست خۆشی لە بەڕێوەبەر و لێپرسراو و كارمەندانی بانكە بازرگانیەكان كرد كە هەنگاوی باشیان ناوە بۆ بەدیجیتاڵ كردنی سیستەمی بانكی لە هەرێمی كوردستان.

ڕاشیگەیاند، لەم كابینەیەدا هەنگاوی باش بۆ بەدامەزراوەیی كردنی ژێرخانی ئیداری فەرمانگەكانی حكومەت نراوە، كە بەشێكی ئەنجامەكەی لە ساڵانی داهاتوو دەردەكەوێت، ئەوەش سەرەڕای ئەو فشارە ئابووری و تەندروستیانەی لە سەرەتاوە ڕووبەڕووی حكومەتی هەرێم بۆوە.

وەزیری دارایی هیوای خواست بەزوترین كات بتوانن تەواوی سیستەمی بانكی لەهەرێمی كوردستان بە دیجیتاڵی بكەن و ئاماژەی بەوەش كرد، هەوڵەكانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی لەداهاتوودا مووچە بە شێوەی ئەلكترۆنی دابەش بكەن.

لای خۆشیەوە مەولود سابیر، بەڕێوەبەی گشتی بانكە بازرگانییەكان ڕایگەیاندووە، لەهەولێر و دهۆك توانیویانە ٢٠ بانك بەدیجیتاڵی بكەن و كارەكانیان بەسیستەمی ئەلكترۆنی بەیەكەوە ببەسترێنەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، گۆڕانكارییان لەسیستەمی دەسەڵاتی خەرجكردندا كردووە و توانیویانە لەو ڕێگایەوە گەندەڵی و بەهەدەردان بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمبكەنەوە.

بۆ ئەو مەبەستەش هاوشێوەی هەولێر، بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی سەرقاڵی جێبەجێكردنی پڕۆژەی بەدیجیتاڵ كردنی سیستەمی بانكەكان و دابەشكردنی مووچەن بە شێوەی ئەلكترۆنی، وەك هەنگاوی یەكەمیش لە موچەی خانەنشینانەوە دەست پێ دەكەن و دواتر فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی تریش دەگرێتەوە.

هەپەگە؛ ٥ سەربازی سوپای توركیا كوژران
پێت هەپەگە؛ ٥ سەربازی سوپای توركیا كوژران
فۆڕمی خۆراكی هاووڵاتیان نامێنێت و گۆڕانكاری تێدا دەكرێت
دوات فۆڕمی خۆراكی هاووڵاتیان نامێنێت و گۆڕانكاری تێدا دەكرێت
پەیوەنیدر