خەڵك-
نیوەشەوی ڕابردوو جارێكی دیكە سووپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران، هێرشی مووشەكی و درۆنی كردەوە سەر زڕگوێز لە سنووری سلێمانی و كۆیە لە سنووری هەولێر.
بەپێی زانیارییەكان، هێرشە درۆنی و مووشەكییەكەی پاسداران، بنكە و بارەگاكانی كۆمەڵەی لە بانەگەورەی زڕگوێزو، كامپەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی لە جێژنیكان بە ئامانجگرتووە.
لەبارەی زیانە مرۆیی و ماڵییەكانەوە هیچ زانیارییەك بڵاونەكراوەتەوە.
ئێریك كوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا ڕایگەیاند سەركۆنەی هێرشە مووشەكی و درۆنییەكەی ئێران بۆسەر نزیك لە هەولێر لە عێراق دەكەن.
ڕاشیگەیاند “ئەو هێرشە ناڕەوایانە ژیانی خەڵكی سڤیل دەخەنە مەترسییەوە، سەروەریی عێراق پێشێل دەكەن و ئەو سەقامگیرییەی عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەخەنە مەترسییەوە كە بە زەحمەت بەدەستهاتووە”.
ئەمە سێهەم هێرشی مووشەكی و درۆنیی سووپای پاسدارانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان لە دوای سەرهەڵدانی شەپۆلی ناڕەزایەتییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران.
ماوەی دوو مانگ زیاترە بەهۆی كوژرانی ژینا ئەمینی كچە كوردی سەقزی لەكاتی دەستگیركرانی لەلایەن پۆلیسی ئێرشادەوە ناڕەزایی و خۆپیشاندان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستیپێكردووە.