نرخی ئاڵتون بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە دابەزین كرد و شارەزایەكی كاروباری زێڕ هۆكارەكەی دەگەڕێنێتەوە بۆ كاریگەرییەكانی ڕێژەی دامەزراندن و بێكاری لە ئەمریكا.
دانا وەرتی، خاوەنی زێڕنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئۆنسەی زێڕ لە هەفتەی پێشوودا گەیشتە 1959 دۆلار و ماوەی سێ ڕۆژە ڕووی لە دابەزین كردووە و ئەمڕۆش زۆرترین شكانی تۆماركردووە و گەیشتە 1867 دۆلار.
ڕاشیگەیاند، ئۆنسەی زێڕ 96 دۆلار دابەزیوە و ئامانجی یەكەمی دابەزینی پێكا دوای دابەزینی بۆ خوار 1900 دۆلار، بەهای ئۆنسە لە ئامانجی یەكەمی دابەزینی 1890 بۆ 1870 دۆلارە و نرخەكەشی زیاتر دادەبەزێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، ڕێژەی دامەزراندن بەرزبۆتەوە بۆ 517 هەزار كەس و دامەزراندن لە كەرتی تایبەت گەیشتە 443 هەزار كەس و ڕێژەی بێكاری 3.4% و ئەمانەش بۆ هێزی دۆلار باشبوون و گەیشتە 102 خاڵ.
لە ئێستادا عەیاری 21 لە 465 هەزارەوە دابەزیوە بۆ 449 هەزار دینار.