سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند:”ئێمە و زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی تریش لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەردین لەوادەی خۆیدا، بەڵام دەبێت یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە، تۆماری دەنگدەران پاكبكرێتەوە و پێکهاتەکان نوێنەرایەتی خۆیان هەڵبژێرن و وەک کارتی فشار بەکارنەهێنرێن”.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا پێشوازیکرد لە جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق.
لە كۆبوونەوەكەدا دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان، كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردن، ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە كۆتاییهێنان بە گرژییەكان و دەستپێكی قۆناغێكی نوێی سیاسی كرایەوە.
پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و بۆچوونی لایەنە سیاسییەكان سەبارەت بە پرۆسەكە یەكێك بوو لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە و سەرۆكی یەکێتی وتی:”ئێمە و زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی تریش لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەردین لەوادەی خۆیدا، بەڵام دەبێت یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە، تۆماری دەنگدەران پاكبكرێتەوە و پێکهاتەکان نوێنەرایەتی خۆیان هەڵبژێرن و وەک کارتی فشار بەکارنەهێنرێن. جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەش پەیوەستە بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەردەوە لە وادەی دیداریکراوی خۆیدا”.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە پشتیوانی هەوڵە نیشتمانییەكان كردەوە لەپێناو سەرخستنی حكومەتی نوێ و جێبەجێكردنی بەرنامەكانی لەپێناو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و بەهێزكردنی پایەكانی دەوڵەتداری.