ئاژانسی “ڕۆیتەرز” بڵاویكردەوە، عیراق پێشبینی دەكات بەرهەمێكی باشی دانەوێڵەی هەبێت لەم وەرزەدا، بەجۆرێك كەمتر پێویستی بە هاوردەكردن بێت، ئاماژە بە كڕینی دانەوێڵەش دەكات لەئێستادا لەلایەن عیراق، تا هەلی دەستەبەركردنی دانەوێڵە بە نرخێكی كەمتر بقۆزێتەوە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، ئاژانسەكە لە زاری حەیدەر نوری بەڕێوەبەری گشتی ئەنجومەنی دانەویڵە و كڕیاری دانەویڵەی حكومەتی عیراق بڵاویكردەوە”پێشبینی دەكەن بڕێكی باشی گەنمی ناوخۆ بكڕنەوە لەم وەرزەدا، گەر وەرزی بارانبارین بەمشێوە باشە بەردەوام بێت كە دەبێتە مایەی هاوردەكردنی بڕێكی كەمتری دانەوێڵە”.
بە وتەی حەیدەر نوری”عیراق لە مانگی تشرینی یەكەمەوە 800 هەزار تەن گەنمی كڕیوە، لەئێستاشدا بڕی زیاتر دەكڕێت پاش ئەوەی نرخەكان دابەزین لەدوای دەستكردنەوە بە هەناردەی دانەوێڵە لە ڕووسیا و ئۆكراینا”، ئەم وەرزەشی بە باشترین كات دانا “بۆ كڕین كە هاوكاتە لەگەڵ وەرزی دروێنە لە ئوسترالیا”.