شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە هەولێر كۆبوونەوە و دواتر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ پێنج شەممە لە دوای كۆبوونەوەكەی نێوان پارتی و گۆڕان، دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا باسیان لە پرسەكانی ئیداری و سیاسی و یاسایی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كردووە، هەروەها مەلەفەكانی هەڵبژاردن، دارایی، كاروباری حكومەت و مەلەفی بەغدا و ئاستەنگەكانی لەبەردەم دامەزراوەكانی حوكمڕانی گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە.
بە وتەی دلێر عەبدولخالق:”وەكو بزووتنەوەی گۆڕان، پێموایە بۆ رێزگرتن لە بنەماكانی دیموكراسی و نیشاندانی مۆدێلێكی حوكمڕانی سەركەوتوو لە عێراق، پێویستە ئاستەنگەكانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لاببرێن، بۆ ئەوەش پێویستە ئەو یاسایانەی رەهەندی یاسایی و نیشتمانی و سیاسییان هەیە بە دانوستان و سازان بێت لەنێوان هەموو لایەنەكان”.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، پشتیوان سادق، ئەندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەدا وتی: “هەڵبژاردنی بابەتی سەرەكی كۆبوونەوەكەمان، ئەگەر هەڵبژاردن نەكرێت تەواوی ئەزموونی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە، بۆ ئەم مەبەستە پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەیە بۆ هەموو هاوكاریی و ئاسانكارییەك، بۆ ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوو لە مانگی 10ی ئەمساڵدا تێنەپەڕێت، ئامادەین لەگەڵ لایەنەكانی دیكە لە پەرلەمانی كوردستان هەمواری یاسا هەڵبژاردن بكەینەوە”.
پشتیوانی سادق پێیوایە:”بارودۆخی هەرێمی كوردستان ئەوەمان لێ دەخوازێت هەماهەنگی لەنێوان لایەنەكان هەبێت بۆ خزمەتی زیاتری خەڵك بكەین”.
سەبارەت بە دواخستنی كۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەی داهاتووی نێوان شاندی پارتی و یەكێتی، پشتیوان سادق ڕایگەیاند: “تائێستا هیچ شتێكمان بەدەست نەگەیشتووە كە یەكێتی كۆبوونەوەكەی دواخستبێت”.