سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەسعود بارزانی رایگەیاند، پێویستە ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان بەڕێوەبچن و ھیچ پرس و بیانوویەكی تریش بۆ دواخستنی جێگای قبوڵكردن نییە.
بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، مەسعود بارزانی لە سەڵاحەددین پێشوازیی كردووە لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، مارك برایسۆن ریچاردسۆن و كۆبوونەتەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە كۆنسولی گشتیی بەریتانیا لە ھەولێر، رۆزی كەیڤ ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی و دوا پێشھاتەكانی پڕۆسەی سیاسیی ھەرێمی كوردستان تاوتوێ كراوە.
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، مارك برایسۆن ریچاردسۆن خۆشحاڵیی خۆی نیشانداوە بە ھەنگاوەكانی لایەنە سیاسییەكان بۆ گفتوگۆ و گەیشتن بە چارەسەری گونجاو و ھاوبەش.
پەیوەست بە پرسە سیاسییەكانی ھەرێم، مەسعود بارزانی جەختی كردووەتەوە، بەرژەوەندیی گەلی كوردستان لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندییەكی ترە، پێویستە ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان بەڕێوەبچن و ھیچ پرس و بیانوویەكی تریش بۆ دواخستنی جێگای قبوڵكردن نییە.
بیروڕا لەبارەی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە ئاڵوگۆڕ كراوە و جەختیش كراوەتەوە، پێویستە رێكخستن، نوێكردنەوە و چاكسازیی لەناو ریزەكانی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان لەگەڵ پڕەنسیپ و مۆڕاڵ، هەروەها سەروەرییەكانی پێشمەرگەدا ھاوتا بێت.
لە كۆبوونەوەكەدا، هەروەها گفتوگۆكراوە لەبارەی كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی ھەرێم و حكوومەتی عێراق.