جارێكی دیكە ڕووداوەكانی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران مەترسییان بۆ سەر هەرێم دروستكردەوە
جارێكی دیكە ڕووداوەكانی ناوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان مەترسییان بۆ سەر هەرێمی كوردستان دروستكردووە، بەجۆرێگ لێكەوتەكانی هێرشەكەی شاری ئەسفەهان لەناوەڕاستی ئێران، ئەگەری هێرشی ئێرانیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان زیادكردووە، كاتێك كۆماری ئیسلامی ئێران ڕاستەوخۆ دەستی تۆمەتیان بۆ پارتە ڕۆژهەڵاتییەكانی جێگیر لە هەرێم درێژكرد، بەڵام پارتە ڕۆژهەڵاتییەكان ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكەنەوە، دەڵێن ئەوە پاساون بۆ كردەی سەربازی دژی هەرێم.
بەپێی هەواڵی میدیا فەڕمییەكانی ئێران بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاسایشییەكانی ئەو وڵاتە، “پارچەكانی درۆنی هێرشبەر بۆ سەر كارگەی وەزارەتی بەرگری لە ئەسفەهان بە هاوكاری و ڕێنوێنی گرووپێكی كوردی جێگیر لە هەرێمی كوردستان هاتووەتە ناو ئێران، كە نەیاری ئێرانە”.
بەپێی ئەو سەرچاوانە “ئەم گرووپە بەداخوازی دەزگای ئاسایشی بیانی دوای ئەوەی پارچەكانی ئەو درۆنە و مادەی تەقەمەنییان وەرگرتووە، لە ڕێگای باكووری ڕۆژاوای ئێرانەوە (سنوورەكانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان) ڕادەستی دەستوپەیوەندی دەزگای ئەمنی بیانی لە شارێكی سنووری ڕۆژهەڵات كراوە”.
دەشڵێن”ئەم پارچە درۆنانە و تەقەمەنی لە كارگەیەكدا لە لایەن هێزی پسپۆڕەوە مۆنتاژ كراون و بۆ خراپەكاری بەكارهێنراون”.
لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی هەواڵی مێدڵئێست ئۆنلاین بڵاویكردەوە، ئێران بەدوای بیانوودا دەگەڕێت بۆ هێرشی نوێ بۆ سەر هەرێمی باشووری كوردستان، لەم نێوەندەدا ئێران هەوڵدەدات زەمینەیەكی گونجاو بۆ جێبەجێكردنی پلانەكەی بدۆزێتەوە بە هاوبەشی لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا كە پەكەكە دەكاتە ئامانج.
بەپێی سەرچاوەكان ڕەنگە هێرشەكەی ئەسفەهان ببێتە پاساوێك بۆ وەشاندنی گورزێكی دیكە لە هەرێمی كوردستان و بنكە و بارەگاكانی پارتە ڕۆژهەڵاتییەكان.
پێشتر چەندجارێك ئێران، پارتە ڕۆژهەڵاتییەكانی بە تێكدانی ئاسایشی ئێران و دەستهەبوون لە گرژییەكانی ئێراندا بەهاوكاری دەستی بیانی تۆمەتباركردووە، بەڵام پارتە ڕۆژهەڵاتییەكان ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكەنەوە.
ئێران چەند جار پارتە ڕۆژهەڵاتییەكانی بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و دەزگەی هەواڵگری ڕۆژئاوایی تۆمەتباركردووە.
كۆمەڵە ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمەنیستی ئێران لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، “ئەمە یەكەمجار نییە، كۆماری ئیسلامی لاوازی و بێتوانایی بۆ پاراستن و كۆنتڕۆڵی نێوخۆی لە بەرانبەر هێزە ناوچەییەكاندا دەخاتە ئەستۆی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، بەڵام وەها سیاسەتێك لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە بێجگە لەوەی هەوڵدانە بۆ داپۆشینی لاوازی و بێتوانایی دامودەزگا ئاسایشییەكانی لە هەمانحاڵدا هەوڵێكیشە بۆ بەلاڕێدابردنی شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی” و ڕاكردن لە گەلێك قەیران كە بەرۆكی تارانیان گرتووە”.
كۆمەڵە، لە ڕاگەیەندراوەكەیدا هۆشداری دەدات لە هەوڵی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی كردەی سەربازی لەدژی هەرێمی كوردستان، خەڵكی بێ تاوان و پارتی كوردی ڕۆژهەڵاتی جێگیر لەم ناوچەیەدا، هاوكات داوا لە سەرجەم ڕێكخراو، پارت و ناوەندە پێشكەوتنخوازەكان، چەپ و مرۆڤدۆستەكان دەكات هەڵوێست نیشان بدەن.
لەلایەكی دیكەوە ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بە ڕاگەیەندراوێك وەڵامی ئێرانی دایەوە، دەڵێت “لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بەدوای هێرش بۆ سەر چەند بنكەیەكی سەربازیی لە ئەسفەهان، مێدیاكانی سەر بە ناوەندە ئەمنیی و سەربازییەكانی كۆماری ئیسلامی لە هەڵمەتێكی چەواشەكارانە و بەلاڕێدابەرانەی دیكەدا قامكی تاوانیان بۆ حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزیسیۆن درێژكردووە، ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەتوندی ئەو پڕوپاگەندانە ڕەتدەكاتەوە و ڕایدەگەیەنین دوور و نزیك هیچ پێوەندییەكمان بەو هێرشانەوە نەبووە و نییە.”
دەشڵێت “هەروەك پێشتریش ڕامانگەیاندووە حیزبەكانی كوردستانی ئێران هیچكات خاكی هەرێمی كوردستانیان بۆ هیچ هێرش و هەڕەشەیەكی ئاسایشی و سەربازی لەدژی كۆماری ئیسلامی بەكارنەهێناوە و ئەوەی كۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا كردوویەتی، بیانوو و هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی بنەڕەتی بابەتەكان بە مەبەستی تایبەت بووە”.
ئاشكراشیكرد “دیارە ئەوە یەكەمجار نییە كۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام بوار بۆ سنووربەزاندن، كردەوەی سەربازی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان و زەبروەشاندن لە حیزبە سیاسییەكانی كوردستان خۆش دەكات”.
هەر لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی سیاسی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئێمە وەك پارتە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان چ ئەوانەی لەناوخۆی هەرێمی كوردستان بنكە و بارەگایان هەیە، چ ئەوانەشی لە دەرەوەی وڵات چالاكییان هەیە، ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكەینەوە، پارتە ڕۆژهەڵاتییەكان لە گرژییەكانی ئێران تەنها ڕێنمایی خەڵكی ڕاپەڕیویان كردووە و پشتیوانیان كردوون، نە هێزی چەكداریان ناردووە، نە لەگەڵ دەزگەی ڕۆژئاواییدا هاوكاریان هەبووە.
ڕاشیگەیاند، كۆماری ئیسلامی ئێران خوازیارە لە ڕێگای ئەو تۆمەتانەوە لەلایەكەوە بنكە و بارەگای پارتە ڕۆژهەڵاتییەكان بە ئامانج بگرێت، لەلایەكی دیكەشەوە پەیامێك بەناوخۆی بدات، كە ئەو ڕەوشەی تێیكەوتووە، بیخاتە ئەستۆی دەستی دەرەكی.
نزیكەی پێنج مانگە لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەهۆی كوژرانی ژینا ئەمینی كچە كوردی شاری سەقز لەلایەن پۆلیسی ئێرشادەوە گرژی و ئاڵۆزی بەردەوامی هەیە.
ئێران لە سەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان چەند جارێك بنكە و بارەگای حیزبە كوردییەكانی لە هەرێمی كوردستان بۆردوومانكرد و هەڕەشەی هێرشی زەمینیشیكرد لە حاڵی دوورنەخستنەوەی ئەو حیزبانە لە هەرێمی كوردستان لەلایەن هەردوو دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان و بەغداوە.