وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوای ناوی سێ یەكەمی سەر ئاستی كۆلێژ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان دەكات، كە خەڵكی ناوچە كوردستانییەكان بۆ دامەزراندن و ئەندامێكی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: “لەسەر میلاكی حكوومەتی فیدڕاڵ دادەمەزرێن”.
بەپێی نووسراوێك، وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێمی كوردستان داوای لە گشت زانكۆ و پەیمانگا حكوومییەكان كردووە ناوی سێ یەكەمەكانی خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانیان بۆ ڕەوانە بكرێت بە مەبەستی ئەنجامدانی مامەڵەیان لەو زانكۆ و پەیمانگایانەی لێی دەرچوون.
د. نەھلە قادر ئەفەندی، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە، “بڕیارە لەسەر ئاستی عێراق سێ یەكەمی زانكۆ و پەیمانگاكان دابمەزرێن و ئەو دامەزراندنەی عێراق یەكەمەكانی ھەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.”
ڕاشیگەیاندووە، “ھەر دامەزراندنێك بۆ دەرچووانی عێراق ھەبێت، ئەوە ئەركی حكوومەتی عێراقە پشكی ھەرێمی كوردستانیش دیاری بكات و دەرچووانی ھەرێم و ناوچە كوردستانییەكانیش لێی سوودمەند بن، پێشتر بڕیار لەسەر دامەزراندنی دەرچووی یەكەمەكان دراوە.”