بانكی ناوەندی عیراق زیاتر لە 105 ملیۆن دۆلاری ئەمریكایی دەخاتە بازاڕەوە كە بە بڕێكی زیاتر بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو دادەنرێت، لە هەمان كاتدا نرخی دراوەكە بەشێوەیەكی نائاسایی لە بازاڕەكانی ناوخۆدا ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە.
ئەمڕۆ چوار شەممە، بانكی ناوەندی عیراق، بڕی 105 ملیۆن و 115 هەزار و 216 دۆلاری خستەبازاڕەوە، ئەمەش بە بڕێكی زیاتری فرۆشتنی ئەو دراوە دادەنرێت بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو.
بانكی ناوەندی دەڵێت: “لە كۆی گشتی پارەكە 55 ملیۆن دۆلاری بەشێوەی كاش فرۆشراوە و ئەوی تر كە 50 ملیۆن و 115 هەزار و 216 دۆلار بوو بۆ پتەوكردنی ڕەسیدی بانكەكان بووە لە دەرەوەی وڵات”.
هەر لە بەیاننامەكەی بانكی ناوەندیدا هاتووە، ”لە پرۆسەكەدا 15 بانك بۆ دابینكردنی داواكاریی پتەوكردنی ڕەسیدی دەرەوە و 17 بانك بۆ دابینكردنی داواكاریی نەختینە و 112 كۆمپانیا بەشدارییان كردووە، هەر دۆلارێكیش بە 1460 دینار فرۆشراوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوار شەممە، نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد و نرخی 100 دۆلار 168 هەزار دیناری تێپەڕاند.