پێنجوێن داوای نەوتی دیكە دەكات





خەڵك-
لەگەڵ ئەوەی بەشێك لە هاووڵاتییانی قەزای پێنجوێن نەوتەكەی حكومەتیان ڕەتكردەوە بەهۆی گرانی نرخەكەیەوە، قائیمقامی قەزاكە ڕایدەگەیەنێت، ئەوان داوای دابەشكردنی بەرمیلێك نەوتی دیكە بۆ سنووری قەزای پێنجوێن دەكەن.

حكومەتی هەرێم بە نرخی 103 هەزار و 500 دینار بەرمیلێك نەوت دەدات بە هاووڵاتییان، ئەو نرخە ناڕەزایی هاووڵاتییانی بەدوادا هات و بەشێك لە هاووڵاتییان لە چەند شار و شارۆچكەیەك بەهۆی زۆری نرخەكەیەوە، وەرگرتنی ئەو نەوتەیان ڕەتكردەوە.

قەزای پێنجوێن یەكێك بوو لەو شوێنانەی هاووڵاتییانی نەوتەكەی حكومەتیان ڕەتكردەوە، بەڵام لە ئێستادا قائیمقامی قەزاكە دەڵێت، داوای بەرمیلێك نەوتی دیكە لە حكومەتی هەرێم دەكەین.

زانا عەبدولڕەحمان، قائیمقامی قەزای پێنجوێن، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پڕۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی هێشتا لەسنووری پێنجوێن دەستی پێنەكردووە، دەشڵێت داوامان كردووە بەرمیلێك نەوتی دیكە بدرێت بە هاووڵاتییان.

سەبارەت بە ناڕەزایەتی هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی ئەو نەوتەی حكومەت دابینی كردووە، بەهۆی زۆری نرخەكەیەوە، قائیمقامی پێنجوێن دەڵێت، ئەو ناڕەزایەتییانە هەرماون، هاووڵاتییان سەرپشكن لەوەی ئەو نەوتە وەردەگرن یان نا.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، وەكو قەرەبوویەك بۆ هاووڵاتییان نوسراومان كردووە بۆ پارێزگای سلێمانی كە بەرمیلێكی دیكە بدرێت بە دانیشتووانی قەزای پێنجوێن و دەوروبەری، بەوپێیەی ناوچەیەكی ساردی هەرێمی كوردستانە، بەڵام هێشتا وەڵام نەدراوینەتەوە.

سەبارەت بە نرخی دووەم بەرمیلی نەوت كە قەزای پێنجوێن داوای كردووە، زانا عەبدولڕەحمان دەڵێت، هەر بە هەمان نرخی بەرمیلە نەوتی یەكەمە، واتە بە نرخی 103 هەزار و 500 دینار دەدرێت بە هاووڵاتییان.

 

لە هێرشەكانی توركیادا ڕۆژنامەنووسێك شەهید بوو
پێت لە هێرشەكانی توركیادا ڕۆژنامەنووسێك شەهید بوو
ژمارەی قوربانیانی هێرشەكەی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوا زیادیانكرد
دوات ژمارەی قوربانیانی هێرشەكەی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوا زیادیانكرد