وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئاستی ئاوی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان بەرزبۆتەوە و لە هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان 19 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە و دەشڵێت: “چەند بەنداوێكیش سەرڕێژبوون”.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ماوەی 24 كاتژمێردا هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان 24 ملیۆن مەتر سێجا داهاتی ئاویان هەبووە، لەو بڕە 19 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە و بەشێك لە بەنداوە بچووكەكانیش سەرڕێژبوون.
ڕاشیگەیاندووە، “ئاستی ئاو لە چوار بەنداوە تازەكەی چەمرگە، دێوانە، تورەجار و خنس، كە لە كۆتایی ساڵی 2022ـدا تەواوبوون بە ڕادەیەكی باش زیادی كردووە”.
ماوەی چەند ڕۆژێكە شەپۆلێكی بەهێزی بەران بارین هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە و لەناوچە شاخاوی و سنوورییەكان بەفرێكی زۆر باریوە و ئەوانەش بوونەتە هۆی زیادكردنی ئاوی چەم و ڕووبارەكان و ڕەواندنەوەی مەترسی وشكەساڵی.
لە ساڵی 2019دا بەهۆی زۆری باران بارینەوە، ئاستی ئاوی بەنداوەكان هێندە زیادیان كرد، كە بێڵ ماوسەكەی دوكان سەرڕێژی كرد و هاووڵاتیان و گەشتیاران بۆ وێنەگرتن و بینینی دیمەنەكانی و دەربڕینی خۆشحاڵی خۆیان بۆ زیادبوونی ئاو دەچوونە نزیك بێڵ ماوسەكە و سەڕێژیی ئاوەكە و وێنەیان لەگەڵ دەگرت.