وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، وەزارەتەكەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ڕێككەوتوون لە مەودوا پارەكە بنێرن بۆ حكومەتی عێراق لە بەرامبەر كشاندنەوەی سكاڵایەك دژی هەرێم لە دادگای فیدڕاڵی عێراق.
كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە داوایەكی عێراق لە هەرێم بۆ ڕادەستكردنی زیاتر لە 118 ملیار دینار وەك قەرەبووی ناردنی بەشە خۆراكی مانگانە بۆ هاووڵاتیان، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، “ئێمە لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی فیدڕاڵ قسەمان كردووە لەسەرئەوەی ئەوەی ڕابردوو ڕۆیشت و لەمانگی 11 ی ساڵی پارەوە واڕیككەوتووین كە پارەكەیان بدەینێ، بەرامبەر بەوەش ئەوان هەڵدەستن بەو پابەندبوونانەی لەسەرشانیانە بەرامبەر ئێمە.”
حكومەتی عێراق مانگانە بڕێك لە خۆراك بەسەر هاووڵاتیانیدا دابەش دەكات كە لە هەرێمی كوردستان بە “بایەعی” ناسراوە. لەبەرامبەر دابینكردنی ئەو خۆراكە، هاووڵاتیانی عێراقی بۆ هەر ئەندامێكی خێزانەكەیان بڕی 750 دینار دەدەن بە بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراك كە دواتر دەگەڕێندرێتەوە بۆ حكومەت.
بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی عێراق دەڵێن لە ساڵی 2004وە تا ئێستا حكومەتی هەرێم هیچ بڕێك لەم پارانەی نەگەڕاندووەتەوە بۆ حكومەتی عێراق و بەمەش 118,207,463,000 دینار لای حكومەتی هەرێم كەڵەكە بووە.
لەسەر ئەم پرسە بەرپرسی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی خۆراكی عێراق، لەمیا هاشم موسەوی، ساڵی ڕابردوو سكاڵایەكی لە دادگای فیدڕاڵی عێراق تۆماركرد و داوای گێڕانەوەی ئەو پارەیەی كرد لە هەرێمی كوردستان.
ڕۆژی دووشەممە 30ی مانگ دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە دواخستنی سكاڵاكە لەسەر وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای خۆراكی هەرێم بۆ 28ی مانگی داهاتوو.
بە وتەی وەزیری بازرگانی حكومەتی هەرێم، سكاڵاكە پێشتر چەند جارێك دواخراوە و وەزارەتەكەی دووبارە داوای دواخستنی كردووە بۆ ئەوەی لەكۆتایدا “بەتاڵی” بكەنەوه.
لە بارەی ئەوەی حكومەتی هەرێم بۆچی پێشتر پارەكەی نەناردووە بۆ حكومەتی عێراق، كەمال موسلیم ڕایگەیاند، “ئەوە پێشتر لە خەرجیەكانی داگرتن و باركردن و گواستنەوەی خۆراك خەرج كراوە لەگەڵ پێداویستیەكانی تر. پێشتر داواشیان كردووە نەدراوە، بەڵام لەم دواییانەدا ڕێككەوتین لەگەڵیاندا كە پارەكەیان بدەینەوه.”
هەروەها ڕایگەیاند، “پێموانییە ئەوان داوای هەموو پارەكە بكەنەوە، چونكە ئێمە لەو ڕێككەوتنەی لەگەڵمان كردوون، دەبێت ئەوان ئەو داوایە بكێشننەوە له بەرامبەر ئەوەی ئێمە پارەكەیان بدەینێ، بەڵام لەخراپترین حاڵەتدا ئەگەر داواشی بكەنەوە لەبەرامبەریشدا ئێمەش ئەوەمان هەیە، ئەو هەموو خەرجیانە كراوە لە داگرتن و باركردن و گواستنەوەی خۆراك بۆلای بریكارەكانی خۆراك بۆئەوەی دابەش بكرێت بەسەر هاووڵاتیان و ئەو خەرجیانەی لە كۆگایەكاندا كراوه.”
دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیارە ڕۆژی 28ی مانگی دووی 2023 ئەو پرسە تاوتوێ بكات. وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ڕایگەیاند كە پارێزەرەكەیان ئامادەی دانیشتن لەسەر ئەو پرسە نەبووە بە هۆی ڕێكەوتنی پێشووی وەزارەتەكەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق. ئەو دەڵێت هۆكاری دواخستنەكە بۆ وەرگرتنی دڵنیاییە لە حكومەتی هەرێم.
كەمال موسلیم وتی، “دوێنی پێمان وتون پابەندین و داواكە بەتاڵ بكەنەوە، بەڵام ئەمجارەش دوایانخستووە بۆئەوەی لەكۆتایدا داواكە رەتبكەنەوە و ئەو داوایە نەمێنێت.”
وەزیرەكە ڕایگەیاند، دوای جێبەجێكردنی بڕیاری ناردنەوەی پارەی بەشەخۆراك بۆ حكومەتی فیدڕاڵ، چاوەڕواندەكرێت بەغدا ئەو تێچوانە لەئەستۆ بگرێت كە پەیوەستن بە تێچووی كۆمپانیاكانی گواستنەوە و چاككردنەوەی كۆگاكان و بەخشیش بۆ فەرمانبەرەكان.
ئەو بەدووری زانی، حكومەتی عێراق سوربێت لەسەر وەرگرتنەوەی پارەی ساڵانی داهاتوو، ڕایگەیاند، “لەخراپترین حاڵەتیشدا دەبێت بێن بزانن ئێمە چەندمان خەرج كردووە لە داگرتن و باركردن و گواستنەوەی خۆراك و خەرجی كۆگاكان و خەڵاتی فەرمانبەرانمان و هەموو ئەو خەرجیانەی لەسەر وەزارەتمان بووە ئینجا دەبێت دانوستان لەسەر ئەوە بكەین، من پێموانییە ئەگەر واش بێت شتێكی وا بمێنێتەوە لەسەر حكومەتی هەرێم.”