یاریدەدەری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان و ڕاژەی گشتیی ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی، ستەمكارانەیە و هەرێمی كوردستان دەستەوستان نابێ و دەشڵێت: “سەرەڕای نەهاتنی 400 ملیارەكە دابەشكردنی مووچە بەردەوام دەبێت”.
میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەزاری، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاویانكردەوە، “بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی ستەمكارانەیە بەرامبەر خەڵكی هەرێمی كوردستان و دژی هەرێمی كوردستان و حكوومەت و خەڵكەكەیەتی، دژی ئەو لایەنانەیە، كە حكوومەتیان پێك هێناوە”.
ڕاشیگەیاندووە، “هەرێمی كوردستان و حكوومەت و سەركردایەتییەكەی دەستەوەستان نابێ، ئێمە پشت بە داهاتی نەوتی خۆمان و ناوخۆ و هەموو ئەو داهاتانەی لەبەردەستماندایە دەبەستین و مووچەی مووچەخۆران بەردەوام دەبێ”.
ئاشكراشی كردووە، لە ساڵی 2021دا (6 جار) و لە ساڵی 2022دا (2 جار) 200 ملیار لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە نێردراوە، لە كاتێكدا پێویستمان بە زیاتر لە 910 ملیار دینارە بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران و خۆمان دابینمان كردووە. ئێستاش كە 400 ملیارەكە نەیات، چاوەڕێ ناكەین و پشت بەخۆمان دەبەستین و ئەركی خۆمان جێبەجێ دەكەین و مووچە بەردەوام دەبێ و پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئاوەدانكارییەكانیش بەردەوام دەبێ.
دەشڵێت: “داوا دەكەین حكوومەتی عێراقی پابەند نەبێ بەو بڕیارە و بەڵینەكانیان جێبەجێ بكەن لە پێناو قووت و مووچەی هەرێمی كوردستان، ئێمە لە نەهامەتییەكانی عێراق بەشدار بووین و لە چارەسەرییەكانیش، ناكرێ سزای خەڵكی كوردستان بدرێ”.