سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، وەك هاوخەمی و سۆراغێك بۆ دۆزینەوەی ئەو منداڵەی پارێزگای هەولێر كە ماوەی چەند ڕۆژێكە نادیارە، خەڵاتێكی شایستە دەدەمە هەر كەسێك كە سۆراغی ئەو منداڵە ونبووە بكات.
یاسین مەحموود ڕەشید، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، “وەك هاوخەمییەك بۆ بنەماڵەی ئەو منداڵەی كە چەند رۆژێكە بێسەروشوێنە و لەماڵ چووتە دەر و تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە، لەبەر ڕەزامەندی خودا و بۆ زیاتر سۆراغكردنی و شاد بوونەوە بە بنەماڵەكەی بڕی (١٠) ملیۆن دینار دەكەمە خەڵاتی ئەو كەسەی كە (ئەیوب ئەحمەد سەعدوڵڵا) دەدۆزێتەوە”.
دەشڵێت؛ ” نزادەكەم ئەیوبی تەمەن ١٣ ساڵان بە سەلامەتی بگەڕێتەوە ناو خانەوادەكەی، بەڕاستی زۆر نیگەرانم كە ئەو دڵگرانی و ڕوخسارە خەمگینەی خانەوادەكەی دەبینم ئەم هەوڵەشم لە پێناو ڕەزامەندی پەروەردگار و خێراكردنی ئەو هەوڵانەیە كە بۆ سۆراغی زووتر دۆزینەوەی دەدرێن”.
ئەیوب ئەحمەدی تەمەن ١٣ ساڵ، دانیشتووی شاری هەولێرە و ماوەی نزیكەی 8 ڕۆژە بێ سەرو شوێنە و تا ئێستا هەوڵە هەمەلایەنەكان بۆ بۆ دۆزینەوەی بەردەوامە.