وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و كونسوڵی گشتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی (پەرەپێدانی تەكنەلۆجیای ئەمریكی لە هەرێمی كوردستان) كە بە بڕی (650,000) شەش سەدو پەنجا هەزار دۆلار جێبەجێ دەكرێت لە هەر سێ (زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر، پۆلیتەكنیكی سلێمانی و پۆلیتەكنیكی دهۆك) ڕاگەیاند.
ڕاگەیاندنی ئەو پڕۆژەیە ئەمڕۆ دوشەممە ڕێكەوتی (2023/1/30) لەوەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە میانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هات، كە بەئامادەبوونی (د.ئارام محمەد قادر) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و (ئێرڤن هیكس) كونسوڵی گشتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ژمارەیەك لە زانكۆكان و راوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەت بەڕێوەچوو.
لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا سەرەتا د.ئارام محمەد قادر،وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سوپاسی حكومەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و باڵێۆز و كونسڵی ئەمریكای لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرد، هەروەك سوپاسی ڕێكخراوی (USAID) ئەمریكی كرد بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژە گرنگە لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و هەموو ئەو ڕێكخراو و دامەزراوە و كەسایەتیانەش كرد.
وتیشی:”ئەم پڕۆژەیە بە بڕی (650,000) دۆلار لە هەر سێ (زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر، پۆلیتەكنیكی سلێمانی و پۆلیتەكنیكی دهۆك) جێبەجێ دەكرێت، كە پێكدێت لە دروستكردنی (٩) نۆ تاقیگەی زانستی بەنوێترین ئامێری زانستی سەردەمیانە، هاوكات بۆ هەریەك لەم تاقیگانە ڕاهێنانی تایبەت بەستافی نێوخۆیی و مامۆستایانی زانكۆكان دەكرێت بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەكی زانستی تاقیگەكان بۆ مەبەستی فێركاری بەكاربهێنن.
ڕونیشكردەوە،كە پڕۆژەكە هەنگاوێكی گرنگە بەئاراستەی بایەخدانی زیاتر بەگەنجان و لاوانی وڵاتەكەمان بۆ بەرزكردنەوەی توانا و كارامەییان لە بواری تەكنەلۆژیای زانیاری بەتایبەت لە بواری (تێلیكۆمیونیكەیشن) و (ئای تی) و (نێتۆركینگ) ڕاهێنان بكەن و ئەو كارامەییانە فێربكرێن، كە بۆ بازاڕی كاری نێوخۆیی و نێودەوڵەتی گرنگن.
باسی لەوەشكرد، كە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە وەك بەشێك لە ڕێفۆرمی وەزارەتەكەمان لە بواری خوێندنی باڵا لێی دەڕوانین، چونكە پرۆگرامەكانی خوێندن لە زانكۆكانی كوردستان تا ڕادەیەك ناتوانن وەڵامی واقیعی ئەمڕۆ و بازاری كاری كوردستان بدەنەوە، بەڵام جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژە دەبێتە پاڵپشتیەكی باش بۆ پێگەیاندنی دەرچویەكی بەتوانا و خاوەن سكیڵ و كارامەیی، بەوەش دەتوانێ لە بازاری كار شوێنی خۆی بكاتەوەو دەرفەتی كار بەشێوەیەكی زۆر باش بەدەستبهێنێت.
سەبارەت بەپرۆگرامەكانی خوێندنی ئەم تاقیگەكانە، د. ئارام محمد قادر ئاشكرایكرد، كە پرۆگرامەكان بەشێوەیەكی ستاندارد بەهەماهەنگی نێوان زانكۆ پۆلیتەكنیكییەكانی كوردستان و هاوبەشەكانمان لە ئەمریكا و كەرتی تایبەت و كەرتی پیشەسازی دادەڕێژرێن و بەشێوەیەكی بەردەوامیش نوێ دەكرێتەوە.
هاوكات ئێرڤن هیكس، كونسوڵی گشتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان باسی لەلایەنە جیاكانی پڕۆژەكە كرد و ڕایگەیاند، ئەو تاقیگەیانەی لە زانكۆكان لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیە دروست دەكرێن دەبێتە وێستگەیەكی گرنگ بۆ یارمەتیدان و ڕاهێنانی قوتابیان و خوێندكاران بەشێوەیەكی سەردەمیانە، بەشێوەیەك دەتوانن كێبركێ نەك تەنها لەسەر ئاستی كوردستان، بەڵكو لە بازاڕی جیهانیش كێبڕكێ بكەن و بناغەیەكی پتەو بۆ خەڵكی دیكە لە كوردستان دروست دەكات تا بەجیهانی دەرەوە لە ڕووی بازرگانی و كەلتوریەوە ببەسترێتەوە.
دوپاتیشیكردەوە، جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە پابەندوبونی وڵاتەكەیان بۆ پشتیوانیكردنی كەرتی خوێندن لە هەرێمی كوردستان و عێراق نیشان دەدات، لەهەمانكاتدا ئاماژەیەكیشە بۆ فراوانكردنی ئاستی پەیوەندییەكانیان لە ڕوی بازرگانی و وەبەرهێنان.