بەهۆی بۆردومانی هێزەكانی ئۆكراینا بۆ گوندی بیزلیودۆڤكا لە ناوچەی بیلگۆردو، دوو كەس برینداربوون.
ڤیاچیسلاڤ گلادكۆڤ، حاكمی ناوچەكە لەڕێی كەناڵی فەرمی خۆی لەسەر ئەپی تێلیگرام ڕایگەیاند:”لەئێستادا گوندی بیزلیۆدۆڤكا لە ناوچەی شیبكینسكی ڕووبەڕووی بۆردومان دەبێتەوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكانیش، دوو كەس بەهۆی پارچە هاوەنەوە برینداربوون”.
بە وتەی گلادكۆڤ، خزمەتگوزاریی پزیشكی و خزمەتگوزارییەكانی تر، لە ناوچەكەدا خراونەتەوەگەڕ.
ڕووسیا لە مانگی شوبانی 2022وە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بەناوی “ئۆپەراسیۆنی تایبەت”ى لە ئۆكراینا دەستپێكردووە، تائێستاش لەڕێی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە چەند ناوچەیەكی بە وڵاتەكەیەوە لكاندووە كە دەڵێت، خاكی لەمێژینەی ڕووسیان و بە خواستی خەڵكەكەی هاتوونەتەوە سەر یەكێتی ڕووسیای فیدراڵ.