بەفربارین رێگای سەدان گوندی باكووری كوردستانی داخستووە



شەپۆلی بەفربارین لە باكووری كوردستان درێژەی هەیە و ڕێگای سەدان گوندی داخستووە.

بارینی بەفرێكی زۆر، رەهێڵە و سەرماوسۆڵە كاریگەری نەرێنی لەسەر ژیان لە پارێزگاكانی ئەرزەڕۆم، ئیدر، ئاگری، قەرس و ئەردەخان دروست كردووە.

دوای بەفربارین لە پارێزگای ئەرزەڕۆم كە دوو رۆژە درێژەی هەیە، سەهۆڵبەندان لەسەر پلیكانە و رێگاوبانەكان دروست بووە.

لە شارەكەدا كە پلەكانی گەرما نۆ پلە خوار سفری سەدی بوو، بەهۆی سەرماوە جامخانەی دووكان و جامی ئۆتۆمبێلەكان بەستیان.

لە كاتێكدا لە باخچەكانی شارەكەدا، رێوشوێن گیراوەتەبەر بۆ پاراستنی درەختەكان لە بەستن، تیمەكانی گەورەشارەوانی شارەكە دەستیان كردووە بە راماڵینی بەفری سەر شەقام و پاككردنەوەی پلیكانەكان و خوێڕێژكردنی شەقامەكان.

ئاستی بەفری باریو لە ناوەندی خلیسكێنەی پالاندۆكەن، گەیشتووەتە ٤٥ سانتیمەتر.

ئیدر بەرگی سپی پۆشی، بەفربارین كە لە دوێنێوە دەستی پێ كردووە و ناو بە ناو درێژەی هەیە لە ناوەندی شارەكە و گوندەكانی دەوروبەریدا كاریگەرە.

لە پارێزگای ئاگری كە بەفر بارینەكە شەپۆلێكی سەرماوسۆڵەی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەهۆیەوە جامی ئۆتۆمبێلەكان بەستوویانە و بەهۆی كاریگەری سەماوە، بەشێكی رووباری مورات و جۆگەلەكان بەستوویانە.

لە پارێزگای قەرس، بەفربارین و دروستبوونی تەمێكی چڕ كاریگەری لەسەر ژیان و هاتووچۆی هاووڵاتییانی شارەكە دروست كردووە.

بەهۆی بەفربارینەوە كە لە كاتەكانی شەو ناو بە ناو درێژەی هەیە، شارەكەی سپی پۆش كردووە، هاووڵاتییانیش بەفری كەڵەكەبووی بەردەم دووكان و سەر ئۆتۆمبێلەكانیان راماڵی.

هەروەها بەفربارین و بوونی تەمێكی چڕ لە ناوچە بەرزەكان، ئاستەنگی بۆ شۆفێران دروستكردووە.

تیمەكانی شارەوانییش سەرقاڵی راماڵینی بەفری سەر شەقام و پلیكانە و پاككردنەوەی رێگاوبانەكانن.

كاریگەری بەفربارین، دروستبوونی تەم و سەرماوسۆڵە لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی ئەردەخان درێژەی هەیە و بەفربارین لە شەوی رابردووەوە زیادی كردووە، بەتایبەتی لە ناوچە بەرزەكان.

تیمەكانی تایبەت بە كردنەوەی رێگاكان لە پارێزگاكانی وان، هەكاری، بەدلیس و مووش لە كۆی هەزار و ٢٨ شوێنی نیشتەجێبوون، رێگەی ٨٧٧ شوێنی نیشتەجێبوونیان بەڕووی هاتووچۆدا كردەوە كە لە دوێنێوە بەهۆی نالەباریی رەوشی كەشوهەواوە داخرابوون.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی گەورەشارەوانیی وان، دوێنێ لە كۆی ٣٤٥ رێگای گەڕەكەكانی ئەو شارە، ٢٩٧ رێگا كراونەتەوە.

تیمەكان لە سەرجەم قەزاكان بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ كردنەوەی ئەو ٤٨ رێگایەی كە ماوە.

لە قەزاكانی ئەرجیش، مورادییە و چاڵدران تیمەكان بەفری سەر رێگاكانیان راماڵی و رێگاكانیان خوێڕێژ كرد، ئەو بەفرەی بەسەریەكدا كەڵەكە كرابوو بە بارهەڵگرەكان باریان كرد و گواستیانەوە بۆ دەرەوەی قەزاكان.

لە هەكاری ماوەی دوو رۆژە بەفر لە ناوەندی شارەكە و قەزای یوكسەكۆڤا بەشێوەیەكی كاریگەر دەبارێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزارییەكانی رێگاوبان لە فەرمانگەی تایبەتی هەكارییەوە دەستكەوتوون لە كۆی ١٧٦ رێگای گوند و ئاوایی كە بەهۆی بەفربارینەوە داخرابوون، ١٣٧ رێگا كراونەتەوە.

هەوڵەكان بەردەوامن بۆ كردنەوەی رێگای شەش گوند و ٣٣ ئاوایی كە داخراون.

هاوكات تیمەكانی شارەوانی كاری پاككردنەوەی رێگاكان لە بەفر لە ناوەندی شارەكەدا ئەنجام دەدەن.

لە درێژەی هەوڵەكانیاندا بۆ كردنەوەی رێگاكان لە بەدلیس، تیمەكان لە دوێنێوە رێگەی ٢٣٤ شوێنی نیشتەجێبوونیان كردووەتەوە.

بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەكانی رێگاوبان لە فەرمانگەی تایبەتی بەدلیس، ئومیت كورتكان رایگەیاند كە بەهۆی بەفربارینەوە، رێگای ٤٨ گوند داخراون.

ئومیت كورتكان ئاماژەی بەوه دا، كارەكان بەردەوامه بۆ كردنەوەی ئه و رێگایانەی ماونەتەوه .

لە پارێزگای مووش تیمە پەیوەندیدارەكان لە كۆی رێگای ٢٢٥ گوند كە بەهۆی بەفربارینەوە داخراون، ٢٠٩ رێگایان بە رووی هاتوچۆدا كردووەتەوە و بەردەوامن لە كارەكانیان بۆ كردنەوەی ئەو ١٦ رێگایەی ماونەتەوە.

هاووڵاتییەكی گوندی گوندۆغان، بەناوی مەشەڵڵا تانریكولو وتی: “تیمەكانی پاككردنەوەی رێگاكان هاتن و رێگای گوندەكەمانیان پاككردەوە. سوپاسی تیمەكان دەكەین كە ماندوونەناسانە كاریان كرد”.

 

هێرشێكی خۆكوژی لە پاكستان سەدان قوربانی لێكەوتەوە
پێت هێرشێكی خۆكوژی لە پاكستان سەدان قوربانی لێكەوتەوە
تەندروستی جیهانی: كۆرۆنا هێشتا مەترسییە
دوات تەندروستی جیهانی: كۆرۆنا هێشتا مەترسییە
پەیوەنیدر