وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەنتۆنی بلینكن دەستیكرد بە سەردانێكی سێ ڕۆژی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە كاتێكدا توندوتیژی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەكان هەڵگیرساوە، ئێران و شەڕی ئۆكراینیش لە كارنامەی سەرەكی سەردانەكەیدایە.
دوای گەشتێكی كورتی ڕۆژی یەكشەممە لە قاهیرە، بلینكن ئەمڕۆ دووشەممە بەرەو ئورشەلیم دەڕوات، كە حكومەتی نوێی ڕاستڕەوی بنیامین ناتانیاهۆ، نیگەرانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا وروژاندووە لەمەڕ داهاتووی بەها عەلمانییەكانی ئیسرائیل، تێكچوونی پەیوەندییە نژادییەكان و وەستانی دانوستانەكانی ئاشتی لەگەڵ فەلەستینییەكاندا.
هەروەها لە چەند لە ڕۆژی ڕابردوودا توندوتیژییەكی كوشندە ڕوویداوە، ئەمەش ترسی ئەوەی زیاتر كردووە توندوتیژییەكان زیاتر پەرە بسێنن.
چەكدارێكی فەلەستینی ڕۆژی هەینی لە هێرشێكدا لە دەرەوەی كنیشتێك لە ئورشەلیم حەوت كەسی كوشت. ئەوە خراپترین هێرشی لەو شێوەیە بوو بۆ سەر ئیسرائیلییەكان لە ئورشەلیم لە ساڵی 2008ەوە و دوای هەڵمەتێكی كوشندە لەلایەن ئیسرائیلەوە بوو لە شاری جێنینی كەناری ڕۆژئاوا، كە كوشندەترین هێرش بوو لەماوەی چەند ساڵیڕابردوودا.
لە دانوستانەكانی لەگەڵ حكومەتی نوێی ئیسرائیل كە بریتییە لە پارتە نەتەوەپەرستەكان و دەیانەوێت شارۆچكەكانی كەناری ڕۆژئاوا فراوانتر بكەن، بلینكن داوای ئەمریكا بۆ ئارامی دووبارە دەكاتەوە و جەخت لەسەر پشتیوانی واشنتۆن دەكاتەوە بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی، هەرچەندە بەرپرسانی ئەمەریكا دان بەوەدا دەنێن، دانوستانەكانی ئاشتی درێژخایان پێناچێت لە داهاتوویەكی نزیكدا بكرێت.
هەروەها بلینكن سەردانی ڕامەڵاش دەكات بە مەبەستی دیدار لەگەڵ مەحمود عەباس، سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستینییەكان و بەرپرسانی دیكەی فەلەستینییەكان و ئەندامانی كۆمەڵگەی مەدەنی.