زۆرینەی حكوومەتە هەڵبژێردراوەكان خەریكی گەندەڵی و خۆدەوڵەمەند كردن و بردنە دەرەوەی پارە بوون
18 ساڵ لەمەوبەر و بەدیارییكراوی لە ڕۆژی ٣٠ی كانوونی دووەمی ٢٠٠٥دا، یەكەم ھەڵبژاردنی گشتی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق ئەنجامدرا، ئەوەش بە ئامانجی گۆڕینی سیستمی حكومڕانی و پێكھێنانی حكومەتێكی ڕاگوزەر.
دوای داگیركردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، پۆل برێمەر لە پۆستی فەرمانڕەوای مەدەنیی ئەمریكا لە عێراق دەست بەكاربوو كە لە میانیدا بڕیاری قەدەغەكردنی پێدانی پۆستی بە ئەندامانی حزبی بەعسی ھەڵوەشاوە دەركرد و دواتریش سوپای عێراق و ھێزە ئەمنییەكانی سەردەمی سەدام حوسێنی ھەڵوەشاندەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٤دا، ئەنجوومەنی حوكم پێكھێنرا و دواتر دەستووری نوێی عێراق بە بەشداری نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان نووسرایەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٥ ڕەشنووسی دەستووری عێراق خرایە راپرسییەوە و بە زۆرینەی دەنگی ھاووڵاتییان پەسەندكرا و بۆ یەكەمجار لە مێژوودا، فیدڕاڵییەتی ھەرێمی كوردستان لە دەستووری عێراقدا جێگیركرا.
دوای پەسەندكردنی دەستووری نوێی عێراق، بڕیاردرا رۆژی ٣٠ی كانوونی دووەمی ٢٠٠٥ یەكەم ھەڵبژاردنی گشتیی ئەنجامبدرێت.
لە٣٠ی كانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٥دا، یەكەم ھەڵبژاردن لەدوای ڕووخاندنی رژێمی پێشوو بەڕێوەچوو كە لایەنە شیعەكان و كورد بەشدارییان كرد و سوننەكان بایكۆتی ھەڵبژاردن و پڕۆسەی سیاسییان كرد.
لایەنە سوننەكان لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ گەڕانەوە نێو پڕۆسەی سیاسیی و بەشدارییان لە ھەڵبژاردنەكانی ساڵانی ٢٠١٠، ٢٠١٤، ٢٠١٨ و ٢٠٢١دا كرد.
لە میانی بەڕێوەچوونی یەكەم ھەڵبژاردنی گشتیی لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥دا، زنجیرەیەك پەلاماری تیرۆریستی لە ژمارەیەك ناوچەی ئەو وڵاتە ئەنجامدرا،پەلامارە تیرۆریستییەكان لە نزیك بنكەكانی دەنگدان لە بەغدای پایتەخت و ژمارەیەك ناوچەی عێراق ئەنجام دەدران، کە بە هۆیانەوە ٤٤ کەس کوژران.
لە میانی نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراقدا، كورد سێ مەرجی بۆ بەشداریكردن لە پڕۆسەی سیاسی و ھەڵبژاردنەكاندا دانا كە بریتی بوون لە “هاوبەشیكردن، ھاوسەنگی و سازان” كە ھەریەك لە شیعە و سوننە پێی رازی بوون.
لە دوای یەكەم ھەڵبژاردن لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ساڵی ٢٠٢١، حكومەتە یەك لەدوایەكەكان بەسازان لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا پێكھێنراون.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە لەسەر بنەمای نەریتێكی سیاسیی لە عێراق كە بە “پشك پشكێنە” ناسراوە، پۆستی سەركۆمار بۆ كورد، سەرۆكوەزیران بۆ شیعە و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.
لە ساڵی ٢٠٠٥وە تا ساڵی ٢٠٢١ ھەر چوار ساڵێك جارێك ھەڵبژاردنە گشییەكان لە عێراق ئەنجامدراون كە زۆرترین رێژەی بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٠ بووە و ئاستی بەشداریی تیایدا گەیشتبووە ٦٢،٤ لەسەدا.
بەپێی ئامارەکان ڕێژەی دەنگدان لە ھەڵبژاردنەكاندا:
ساڵی ٢٠٠٥ – ٥٩ ٪
ساڵی ٢٠١٠ – ٦٢،٤ ٪
ساڵی ٢٠١٤ – ٦٠ ٪
ساڵی ٢٠١٨ – ٤٤،٥٢ ٪
ساڵی ٢٠٢١ – ٤٠ ٪
لەم ئامارانەدا ئەوە دەردەكەوێت، هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن ڕێژەی دەنگدان ڕووی لە دابەزین كردووە، ھۆكارەكەش بۆ ناڕەزایەتیی ھاووڵاتییان لە حكومڕانی پارتە دەسەڵاتدارەكان دەگەڕێتەوە.
دەنگدەری عێراقیی ھەر چوار ساڵ جارێك بە ئامانجی گۆڕینی حكومڕانی و كۆتایی ھێنان بە نەھامەتییەكانیان چوونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان، بەڵام تا ئێستا ھیچ كام لەوانەیان بۆ بەدی نەھاتووە.
نەھامەتی عێراقییەكان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە بەجۆرێك گەیشتووەتە لووتكە كە ناوە ناوە لە ناوچە سوننەنشینەكان، بەنھێنی دروشمی نووسراو بۆ پاڵپشتیكردن لە رژێمی بەعس لە شوێنە گشتییەكاندا ھەڵدەواسرێت.
ھەروەھا گەندەڵی لە زۆربەی دامەزراوەكاندا بڵاوبووەتەوە كە ئەوەش ھاووڵاتیانی زۆر نیگەران و بێزار كردووە، تەنانەت ھەر كەسێك ھاتووەتە سەر دەسەڵات نەیتوانیوە گەندەڵی بنبڕ بكات.
جگە لەوە ئەو حكومەتانەی كە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ پێكھێنراون، نەیانتوانیوە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان دابین بكەن، ئەمەش وایكردووە ناوەناوە خۆپیشاندان لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەتایبەت لە وەرزی ھاویندا كە عێراقییەكان دژبە نەبوونی كارەبا دەرژێنە سەر شەقامەكان و دژبە حكومەت خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.
زۆرینەی حكوومەتە هەڵبژێردراوەكان خەریكی گەندەڵی و خۆدەوڵەمەند كردن و بردنە دەرەوەی پارە بوون.
ئەو ھەڵبژاردنانەی كە ھەر چوار ساڵێك لە عێراق ئەنجامدراون، دوور نەبوون لە دەستوەردانە دەرەكییەكان و بەردەوام ژمارەیەك لە وڵاتانی ناوچەكە و جیهان بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەستیان لە ھەڵبژاردنەكانی عێراقدا وەرداوە، بە تایبەتی ئەمریكا و ئێران.
واشنتۆن و تاران بەجیا ھەوڵیانداوە كە لایەنە نزیكەكانی خۆیان، دەسەڵات و حكومڕانی لە عێراق بگرنە دەست.