ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە خاڵی هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەكان ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی هەرێمی كورستان بێت، دەشڵێت،”لە ئێستادا عێراق و هەرێم بە قۆناغێكی بێ متمانەی سیاسیدا تێدەپەڕێت”.
حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لە شاری سلێمانی سەردانی بارەگای حزبی شیوعی كوردستانی كردوو لەلایەن د.كاوە مەحمود سكرتێری گشتی پێشوازیان لێكرا و دۆخی سیاسیی هەرێم و عێراق و پێشهاتە نوێیەكان گفتوگۆی لەبارەوە كراو چەند پرسێكی دیكە خرانەبەر باسەوە.
ڕایگەیاندووە، بەداخەوە لە ئێستادا عێراق و هەرێم بە قۆناغێكی بێ متمانەی سیاسی و دابڕانی لایەنە سیاسیەكاندا تێدەپەڕێت و هێشتا كات ماوە كورد نێو ماڵی خۆی ڕێكبخاتەوە و سەرجەم لایەنەكان بە یەك پاكێج بڕۆنەوە بەغدا بۆ پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندیەكانی گەلی كوردستان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە یەكێتی هەمیشە جەخت لە پەیوەندی دۆستانەی نێوان سەرجەم لایەنەكان دەكاتەوە و لەسەر پرانسیپی ئاشتی و پێكەوە ژیان بە شێوەیەك پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان هەوێنی بەهێزكردنی گوتار و پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان بێت لە پێناو باشتركردنی ژیانی هاوڵاتیان و دەستەبەركردنی ماف و ئازادییەكان و حوكمڕانیەكی باشتر.
هاوكات لەسەردانەكەدا هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە كردەووە، پێویستە خاڵی هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەكان ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی هەرێمی كورستان بێت و ئەم قۆناغە پێویستی بە یەكگرتوویی و یەكڕیزی هەیە و ئەگەر یەكگرتوو و یەكڕیز نەبێت، دەبێت چاوەرێی بڕیاری تریش بین لەدژی گەلی كوردستان، بۆیە كارو كاردانەوە و موزایەدە كردن لە دژی یەكتر بێ سودە و زیانی گەورە بە دۆزی گەلەكەمان دەگەیەنێت.