برۆکلی..خۆراکە بەهادار و ناوازەکە



منداڵ و تەنانەت ژمارەیەکی زۆریش لە گەورەکان حەزیان لێ نییە، چونکە بەتام نییە، بەڵام پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن شایەنی ئەوەیە نازناوی “خواردنی سەرسوڕهێنەر”ی پێبدرێت و سوودەکانی دەگاتە ڕادەی بەکارهێنان بۆ خۆپاراستن لە جۆرەکانی شێرپەنجە.

 

قەرنابیتی سەوز یان برۆکلی، یەکێکە لەو سەوزانەی لەسەر سفرەو خوانەکان زۆر بەناوبانگ نییە، ئەمەش ڕەنگە بەهۆی تامە ناخۆشەکەیەوە بێت، یان لەبەر ئەوەی هەموو کات لە بازاڕەکاندا بەردەست نییە، یاخود بەهۆی نەبوونی ڕێچکەیەکی گونجاو و بەرنامە بۆ داڕێژراوی خۆراکی لە چێشتخانەکاندا کە بەکاریدەهێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم سەوزەیە ئەوەندە بەها خۆراکییەکەی گرنگە پسپۆڕان بە شیاوی دەزانن ناوی بخەنە لیستی خۆراکە زۆر زۆر بەها دارەکان.

 

برۆکلی دەوڵەمەندە بە کانزا و ڤیتامینەکان بەتایبەت پرۆتینی ڕووەکی، ئەمەش وایکردووە زۆر گونجاو بێت بۆ ئەوانەی ڕووەکخۆرن، پاشان چەوری تەندروست و کالیسیۆم و ئاسن و ترشی ئەسکۆربیکی تێدایە.

 

بەگوێرەی ماڵپەڕی webteb سەد گرام برۆکلی یەکسانە بە ٣٨،٨ کالۆری، کە لەخۆگری کاربۆهیدرات، پاشان چەوری، پاشان پرۆتینە.

 

توێژینەوەیەک لەبارەی برۆکلی ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەم سەوزەیە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە خۆپاراستن و چارەسەری شێرپەنجە”دا.

 

بەپێی توێژینەوەکە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی بە بەردەوامی برۆکلییان خواردووە، تەنانەت ئەگەر ڕۆژانەش نەبێت، بەرەنگارییەکی وا سەرسوڕهێنەر لە خانەکانیاندا دەرکەوتووە کە گەشەی شێرپەنجە لە خانەکاندا سەرکوت دەکەن.

 

ئەم توێژینەوەیە، کە لە کتێبخانەی نیشتمانی پزیشکی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠دا بڵاوکراوەتەوە، باس لە بەردەستبوونی ئەم سەوزەیە کراوە لەسەر ئاوێتەیەک بەناوی سولفۆرافین، کە دەرکەوتووە کاریگەرە لە خۆپاراستن و چارەسەرکردنی جۆرەکانی شێرپەنجە وەک شێرپەنجەی پرۆستات، شێرپەنجەی مەمک، شێرپەنجەی قۆڵۆن، پێست و میزڵدان و شێرپەنجەی دەم و ددان.

 

هاوکات پێگەی  مێدیسینێت ئاماژە بەوە دەکات کە برۆکلی دەوڵەمەندە بە ڤیتامین سی و پۆتاسیۆم و ڕیشاڵی تواوە، خواردنی کاریگەری لاوەکی نابێت، بەڵام بەهۆی دەوڵەمەندی بە ڕیشاڵ دەبێتە هۆی دروستبوونی غازات ئەگەر بەڕێژەیەکی زۆر بخورێت.

 

برۆکلی دەتوانرێت بە کاڵی یان بە کوڵاوی بخورێت، هەرچەندە بە کاڵی تەندروستترە بۆ جەستە، لەگەڵ شۆردنەوەی بە باشی، یان دەتوانرێت لە ئاودا بۆ ماوەیەکی کورت بکوڵێنرێت، بەڵام (کوڵان بۆ ماوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی لەدەستدانی ژمارەیەک لە پێکهاتە خۆراکیەکانی).

 

لێکۆڵینەوەیەکیش کە لە گۆڤاری کشتوکاڵ و کیمیای خۆراکدا لە ساڵی 2018 بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، باشترین ڕێگە بۆ کوڵاندنی برۆکلی ئەوەیە کە بیکەین بە پارچەی بچووک و بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی نیو کاتژمێر دابنرێت، پاشان بۆ ماوەی چوار خولەک زیاتر سور نەکرێتەوە. بەم شێوەیە زۆربەی پێکهاتە خۆراکیەکانی دەپارێزرێن.

دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە
پێت دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە
دەمیرتاش: پێش هەڵبژاردنەكان ئەردۆغان هێرشدەكاتەسەر كۆبانێ
دوات دەمیرتاش: پێش هەڵبژاردنەكان ئەردۆغان هێرشدەكاتەسەر كۆبانێ
پەیوەندیدار