وەزارەتی خوێندنی باڵای تاڵیبان لە ئەفغانستان فەرمانی بە زانكۆ تایبەتەكانی وڵاتەكە كرد ڕێگە نەدەن خوێندكارە كچەكان تاقیكردنەوەكانی وەرگرتنیان لە زانكۆ ئەنجام بدەن كە بڕیارە مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
وەزارەتەكە نامەیەكی ئاڕاستەی دامەزراوەكانی هەرێمەكانی باكووری ئەفغانستان كردووە بە كابوڵیشەوە، بڕیارە تاقیكردنەوەكان لە كۆتایی مانگی دوودا لەو ناوچانەدا بەڕێوەبچن.
لە نامەكەدا هاتووە دەڵێت هەر دامەزراوەیەك فەرمانەكە جێبەجێ نەكات ئەوا ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەبێتەوە.
لە مانگی دوازدەدا وەزارەتی خوێندنی باڵای تاڵیبان فەرمانی بە زانكۆكان كرد ڕێگە بە خوێندنی كچە خوێندكارەكان نەدەن. چەند ڕۆژێك دوای ئەوە، بەڕێوبەرایەتییەكەی تاڵیبان كاركردنی كارمەندانی ژنانی لە ڕێكخراوە ناحكومییەكان قەدەغە كرد. زۆربەی خوێندنگا ئامادەییەكانی كچانیش لەلایەن بەرپرسانی تاڵیبانەوە داخراون.
ڕێگریكردن لە كاركردن و خوێندنی كچان و ژنانی ئەفغانی لەلایەن كۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتییەوە سەركۆنە كراوە. دیبلۆماتكارانی ڕۆژئاوا ئاماژەیان بەوەداوە تاڵیبان دەبێت ئاڕاستەكەی لەسەر سیاسەتەكانی بەرامبەر ژنان بگۆڕێت تاوەكو دەرفەتێكی هەبێت بۆ ئەوەی وڵاتانی جیهان بە فەڕمی دانی پێدا بنێن و دۆخە ئابوورییە پەراوێزخراوەكەی لەسەر كەم بكرێتەوە.
وڵاتەكە لە نێوەندی قەیرانێكی قورسی ئابووریدایە، بەشێكی بەهۆی ئەو سزایانەوە كە كاری كردووەتە سەر كەرتی بانكی وڵاتەكە و نەمانی یارمەتییە داراییەكان بۆ پەرەپێدان بە وڵاتەكە، هاوكات ڕێكخراوە مرۆییەكانیش هۆشداری دەدەن لەسەر ئەوەی دەیان ملیۆنان هاوڵاتی لە ئەفغانستان پێویستییان بە یارمەتییە.