لە بوومەلەرزەكەی شەوی ڕابردووی شاری خۆی لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی كوردستان سێ كەس گیانیان لەدەستدا و 580 كەسی دیكەش بریندار بوون.
ڕۆژی 28-01-2023 كاژێر 21:45 خولەك بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 5.9 پلەی رێختەر شاری خۆی لە باكووری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان هەژاند و تاوەكو كاژێر 01:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 22 بوومەلەرزەی بچووكی دیكەش ڕوویانداوە.
بەپێی زانیارییەكان، خەڵك لەبەر نیگەرانی لە ڕوودانی بوومەلەرزە چوونە سەر شەقامەكان و كارەبای هەندێك شوێنیش پچڕاوە.
سێ كەس لە بوومەلەرزەكەدا گیانیان لەدەستداوە،580 كەس كە بریندار بوون، 16یان بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی سەڵماس كراون، 6 كەس نەشتەرگەرییان بۆ كراوە و 20 كەسیش لە نەخۆشخانەدا خەوێندراون.
لە ماوەی 4 مانگی رابردوودا ئەمە سێیەمین بوومەلەرزەی بەگوڕە كە شاری خۆی دەهەژێنێت. دوایین بوومەلەرزە رۆژی 21-01-2023 روویدا، كە بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دامەزراوەی خانووبەرەی پارێزگای ورمێ، 3850 خانووبەرە و 13 خوێندنگە زیانیان بەركەوتووە.