بانكی ناوەندی لە هەفتەی ڕابردوودا كەمتر لە نیو ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، ئەمەش بە بڕێكی زۆر كەمی فرۆشتنی دراوەكە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە دادەنرێت بەراورد بە چەند مانگێك لەمەوبەر كە فرۆشتنی هەفتانە زیاتر لە ملیارێك دۆلاری تێدەپەڕاند.
بەپێی ئامارە بڵاوكراوەكانی بانكی ناوەندی عیراق، لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا 437 ملیۆن و 300 هەزار و 233 دۆلار لەلایەن بانكەكەوە فرۆشراوە، تێكڕای فرۆشتنی ڕۆژانەش 87 ملیۆن و 460 هەزار و 44 دۆلار بووە و بەراورد بە هەفتەی پێشتر بەڕێژەی 26.27% دابەزیوە.
لە ئامارەكانی بانكی ناوەندیدا دەردەكەوێت كە فرۆشتنی زۆرترین بڕە دۆلار لە ڕۆژی دوو شەممەی ڕابردوودا بووە و 126 ملیۆن و 944 هەزار و 502 دۆلار بووە، كەمترین فرۆشتنیش لە پێنج شەممەی ڕابردوودا بوو كە 61 ملیۆن و 649 هەزار و 886 دۆلار بووە.
زۆربەی فرۆشتنەكان وەك لە ئامارەكاندا ئاماژەیان پێكراوە، لە شێوەی فرۆشتنی كاشدا بوون، هەر دۆلارێكیش لەلایەن بانكەكەوە بە 1460 دینار فرۆشراوە.
ماوەیەكە نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە و نرخی 100 دۆلاری ئەمریكایی 165 هەزار دیناری عیراقی تێپەڕاند.