سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایگەیاند، دادگای باڵای فیدراڵی لە بڕیارەکەیدا بیری لە هاووڵاتییان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکردووەتەوە.
مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە بارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، دوور لە ئاماژە سیاسیەکان، کە دادگا بە نا دەستورى دادەنێن، بەو پێیەی یاساکەی بە یاسای ژمارە (٢٥)ی کە لە ساڵی ٢٠٢١ هەموار کرایەوە، بە( فەرمانى ژمارە ٣٠ ساڵى ٢٠٠٥ ) بوو، یاساکە لە ئەنجومەنى نوێنەران دەرچوو و لە ٢ـی حوزەیرانى ٢٠٢١ لە لایەن سەرۆك کۆمارەوە پەسەند کرا و هەروەها لە ژمارە ٤٦٣٥ ى رۆژنامەى ئەلوقائع العراقية بڵاو کرایەوە و بەم شێوەیە دادگا شەرعیەتی پێویستی بەدەستهێنا.
سەرۆکی دەستەکە دەشڵێت:” بە پشتبەستن بە دەقی بڕیارەکەی دادگا خۆى کە ژمارە ١٧٠ـی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢٢ـە کە تێیدا هاتووە:” دەستور گوزارشت لە کۆمەڵگا دەکات، دەستور رێکخەرى بنەڕەتى مافەکانى مرۆڤ و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و ئابورى و سیاسیەکانە.”
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لێرەدا لە روانگەى مافەکانى مرۆڤەوە پرسیار دەکەم، چارەنوسى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان چیە ؟ ئەو فەرمانبەرانەى کە نازانن لە دەرەنجامەکانى ئەم بڕیارە بترسن کە هیچ گرنگیەکى بە بارودۆخى ژیانیان نەداوە، یا لە بەرزبونەوەى ترسناکى نرخى دۆلار بترسن، یا لە بەرزبونەوەى نرخى کاڵا و کەلوپەلى خۆراك بترسن، یا لە ئەگەرى نەخۆشى و کرێ و پارەى ئاووکارەبا بترسن.”
مونا یاقو ئاماژەی بەوەشکردووە، ئایا ئەمە ئەو عێراقەیە کە لە پێشەکی دەستووری ٢٠٠٥دا دووپاتدەکرایەوە کە عێراقێکی نوێ دەبێت؟بەبێ ململانێی تائیفی و ڕەگەزپەرستی وئاڵۆزی ناوچەیی و جیاکاری؟