دادوەرە كوردەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەو دەنگۆیەی ڕەتناكەنەوە، كە دەستەڵاتدارانی هەرێم بەهۆی بڕیارەكەی دادگاكەوە ئێستا تاووتوێی كشاندنەوەی ئەو دوو دادوەرە كوردەكە دەكەن.
سەرچاوەیەكی نزیك لە دادوەرە كوردەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كە ناوی لای دەنگی ئەمریكا پارێزراوە ڕایگەیاندووە، كە بڕیارەكەی ڕۆژی چوارشەممەی دادگاكە پێشبینیكراو بووە و ئامادەبوونی ئەندامە كوردەكان و واژوكردنیان لەسەر بڕیارەكە تەنها بۆ ناڕەزایی دەربڕین بوو.
هاوكات سەرچاوەكە ئەو دەنگۆیەی ڕەتنەكردەوە، كە دەستەڵاتدارانی هەرێم بەهۆی بڕیارەكەی دادگا ئێستا تاووتوێی كشاندنەوەی ئەو دوو دادوەرە كوردەكە دەكەن و كە “لەوانەیە شتێكی وەها لە ئارادا بێت، بەڵام ئێستا بڕیارێكی كۆتایی نییە لەسەر بابەتەكە و ئەگەری كشانەوەیان لە ڕۆژانی داهاتوو ڕوون دەبێتەوە”.
دادگای فیدڕاڵی عێراق ڕۆژی 25 ی مانگی یەكی 2023 لە بڕیارەكەیدا سەرجەم بڕیارەكانی چەند مانگی ڕابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی بۆ ناردنی هەر بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان هەڵوەشاندۆتەوە.