محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق و ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، هەماهەنگی هاوبەش لە ژمارەیەك كەرتی گرنگدا بەپێویست دەزانن.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”محەمەد شیاع سودانی لە كۆشكی ئیلیزێ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا چاوی بە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا كەوت”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”لە چاوپێكەوتنەكەدا پەیوەندی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات و ژمارەیەك لە پرسە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانی جێبایەخی هەردوولا تاوتوێكران، وێڕای تاوتوێكردنی دۆسێكانی هەماهەنگی هاوبەش لە چەند كەرتێكی گرنگ”.
نوسینگەكەی سودانی دەڵێت”لەدوای چاوپێكەوتنەكە مەراسیمی ڕێككەوتنی ستراتیژی هاوبەش لەنێوان عیراق و فەرەنسا واژۆكرا كە چەند تەوەرێكی جیاجیا لەخۆدەگرێت لە بواری ئابووری و ئەمنی و بنبڕكردنی تیرۆر و توندڕەوی، و ئاڵوگۆڕی كەلتوری، وێڕای تەوەرەكانی تری پەیوەست بە ئیدارەدانی قەیرانەكان و بنبڕكردنی تاوانی ئابووری و تاوانی ڕێكخراو و پاراستنی ژینگە و پتەوكردنی مافەكانی مرۆڤ و فێركاریی”.