شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت، لەدرەنگانی ئەمشەوەوە تا بەرەبەیانی هەینی بۆ ماوەیەكی كەم ئەگەری بارینی نمەباران و بەفرێكی كەم لە چەند ناوچەیەكی هەرێم هەیە و لە رۆژی شەممەوە شەپۆلێكی بارانبارین ناوچەكە دەگرێتەوە و تا رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بڵاویكردەوە، كە پێشبینی دەكرێت كاتەكانی درەنگی ئەمشەو تا بەرەبەیانی سبەی هەینی 27-1-2023 بۆ ماوەیەكی كورت ئەگەری بارینی نمە باران و بەفرێكی كەم دەبێت لەناوچە سنووریەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە.
ڕاشیگەیاندووە، لە نیوەرۆی رۆژی شەممەوە 28-1-2023 ، كاریگەری شەپۆلێكی بارانبارین لە دەریای ناوەراستەوە بۆ سەرناوچەكانمان درێژ دەبێتەوە سەرەتاش لە سنووری پارێزگای دهۆكەوە دەستپێدەكات و كاتەكانی شەو بە شێوەی پچر پچر كاریگەری بۆ سەر تەواوی ناوچەكان دەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە پێشبینی دەكرێت بڕی باران بەرێژەی كەم بۆ مامناوەند بێت لەگەڵ بارینی بەفر لەناوچە شاخاوییە سنوورییەكاندا، هەروەها لەبەرەبەیانی رۆژی یەكشەممەوە كاریگەریەكەی لاواز دەبێت و ئاسمانی ناوچەكە بە نیمچە ھەور بۆ ھەوری تەواو دەمێنێتەوە.