ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، پارەی پێویست دابین نەكرێت یەكی شوبات كاركردن لەپرۆژەی دووسایدی كەلار دەربەندیخان ڕادەگیرێت، دەشڵێت،”گەرمیان پێویستی بە هەڵوێستی هەموولایەكمان هەیە بۆ ئەوەی لەمەزیاتر ڕۆڵەكانی نەبنەقوربانی”.
كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، پارەی پێویست دابین نەكرێت یەكی شوبات كاركردن لە پرۆژەی دوو سایدی كەلار – دەربەندیخان ڕادەگیرێت ، ئەو بڕە پارەی بۆی دیاری كرابوو بەهەوڵەكانیان كەمە و وەك پێویست لەكاتی خۆیدا نەدراوە بە كۆمپانیای جێبەجێكار هیچ گرفتێكی ئیداری و لایەنە ئیدارییەكانی نییە.
وتیشی ،”تەنها گرفتی ڕاگرتن و تەواونەكردنی پرۆژەكە سەرف نەكردنی شایستە داراییەكانی كۆمپانیای جێبەجێكارە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانكەكانی هەرێم- سلێمانی و بانكەكانی گەرمیانەوە لە كاتێكدایە داهاتێكی زۆر لە سنووری گەرمیان كۆدەكرێتەوە و خزمەتی سنوورەكەیشی پێناكرێت”.
ڕاشیگەیاند، تەنها بە نیوەی ئەو بڕە پارەیەی بەهەدەردان دەدرێت بەو بەناو كۆمپانیایانە دەتوانرێت ساڵانە تەواوی گرفتەكانی ڕێگاوبانەكانی سنووری گەرمیانی پێچارەسەر بكرێت، بۆیە گەرمیان پێویستی بە هەڵوێستی هەموولایەكمان هەیە بۆ ئەوەی لەمەزیاتر ڕۆڵەكانی نەبنەقوربانی كەمتەرخەمی و بەرژەوەندی چەند كەسێكی نەفس نزم .