سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە سەردانێك گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا كۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لە خواستی دوولایەنە بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا لە هەموو بوارەكاندا كردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2023/1/26، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە سەردانێك گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێم لەگەڵ توركیا، دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێم تاوتوێكرا .
هاوكات دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتی فیدراڵیی عێراق، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان و دەرفەتەكانی هاریكاریی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا لە بواری وزەدا گفتوگۆی لەبارەوە كرا .
هەردوولا جەختیان لە خواستی دوولایەنە بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا لە هەموو بوارەكاندا كردەوە، بەتایبەتیش بواری بازرگانی و ئابووری و سوودوەرگرتن لەو دەرفەتانەی بۆ فراوانكردنی هاریكاریی هاوبەشی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا لە بواری وزەدا هاتوونەتە ئاراوە كە دەكرێت ڕۆڵی كارای هەبێت لە پڕكردنەوەی ئەو بۆشایی و پێویستییەی ئەمڕۆ لە جیهان و بەتایبەتی لە ئەورووپا لە بواری وزە و گازی سروشتیدا دروست بووە.
گرنگیی پتەوكردنی هاریكاری و هەماهەنگیی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوور، دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر و مەترسییەكانی داعش لە عێراق و سووریا، دۆخی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.