سەرۆكوەزیرانی عێراق بەرەو فەرەنسا بەڕێكەوت و بڕیارە لەگەڵ سەرۆكی فەڕەنسا كۆببێتەوە و چەند پرسێك تاوتوێ بكەن، سەرۆكی پەڕلەمانی عێراقیش لە جەزائیرە.
سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، بە سەردانێكی فەڕمی بەرە و فەڕەنسا بەرێكەوت، بڕیارە لە پاریس كێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان، هەروەها بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی پاریس و بەغدا، لە بوارەكانی هاوكاری سیاسی، ئابووری، ئەمنی و كاریگەری بەسەر ناوچەكە، لەگەڵ ئیمانوێڵ ماكرۆن و بەرپرسانی فەرەنسا تاوتوێ بكات.
لە هەمان كاتدا، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بڵاویكردووەتەوە، محەممەد حەلبووسی بەسەردانێكی فەرمی گەیشتە جەزائیر، بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی خولی 17ی كۆنفڕانسی یەكێتی ئەنجوومەنەكانی وڵاتانی ئەندامی ڕێكخراوی هاریكاری ئیسلامی.
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، شاخەوان عەبدوڵڵا و ژمارەیەك پەرلەمانتار یاوەری حەلبووسی دەكەن، لەكاتی گەیشتنی بۆ جەزائیر لەلایەن ئیبراهیم بوغالی سەرۆكی ئەنجومەنی گەلی نیشتمانی جەزائیری پێشوازی لێكرا.