قەیس خەزعەلی سەرۆكی عەسائیبی ئەهلی حەق كە لە هاوپەیمانی پێكهێنەری كابینەی ئێستای حكومەتە، دەڵێت، دەبێت ڕێز لە بڕیارەكانی دادگا بگیردرێت.
خەزعەلی ڕایگەیاند “دادگا كۆڵەكەی دەوڵەتی عیراقە و پێویستە ڕێز لە بڕیارەكانی بگیردرێت، هەر زیادەڕەوییەك بۆ سەر بڕیارەكانی و دامەزراوەكانی ڕەتدەكەنەوە”.
دەشڵێت “تاكە ڕێگەی سەقامگیری پرۆسەی سیاسی و پاراستنی مافەكان پابەندبوونە بە دەستوورەوە، بۆیە پێویستە دووركەوینەوە لە گرژی و بڕیاری بەپەلە و گفتوگۆ بەردەوام بێت بۆ گەیشتن بە ئەنجامێك كە تێیدا مافەكانی هەموان لە چوارچێوەی دەستووردا پارێزراو بێت”.
ڕۆژی چوار شەممە دادگای فیدڕاڵی عێراق ناردنی 400 ملیار دینارەكەی هەرێمی كوردستانی ڕەتكردەوە بە پاساوی نایاساییبوونی.
سەرۆكی ھاوپەیمانی سەروەریی، خەمیس خەنجەر ڕایگەیاند، نابێت دەست بۆ بژێوی و سامانی خەڵكی هەرێمی كوردستان ببرێت بە شێوەیەك كە دژایەتی ئەو لێكتێگەیشتنە سیاسییانە بكات كە حكوومەتی ئێستای عێراقی لەسەر پێكهێندرا.
خەمیس خەنجەر وەك كاردانەوەیەك لەبەرامبەر بڕیاری دادگای باڵای فیداڵیی عێراق بە نادەستووریی بوونی بڕیارەكانی حكوومەتی پێشوو و ئێستای عێراق بۆ ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێكی بڵاوكردەوە.
سەرۆكی ھاوپەیمانی سەروەریی نووسیویەتی: “هێزە نیشتمانییەكان هەوڵی زۆریان دا لەپێناو دەستەبەركردنی سەقامگیریی لە وڵاتدا و هیچ دامەزراوەیەك لە عێراقدا ناتوانێت جارێكی دیكە هەڕەشە لەم سەقامگیرییە بكات”.
خەمیس خەنجەر كە سەرۆكی گەورەترین فراكسیۆنی سوننەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پێشتریش لەگەڵ هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و رەوتی سەدر هاوپەیمانیی هەبوو، بە ڕەخنەگرتن لە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدرالی عێراق نووسیویەتی: “كوردستان كەسوكاری ئێمەن و نابێت بە شێوەیەك كە دژایەتی ئەو تێگەیشتنە سیاسیانە بكات كە حكوومەتی ئێستای لەسەر پێكهێندرا، دەست بۆ بژێوی و سەروەت و سامانیان ببرێت”.