دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاشكرای كرد، كە هەفتەی داهاتوو نەوتەكەی بەغدا دەگاتە هەرێم، حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات، كە بێ بەرامبەر بەسەر هاوووڵاتیان لەناو شار و ئیدارە سەربەخۆكان دابەش دەكرێت”.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، حكومەتی عێراق كاروانێكی 60 تەنكەر بە بڕی 2 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو دەنێرێتە هەرێمی كوردستان.
ئاماژەی بەوەشكردووە، 30 تەنكەری بۆ پارێزگای هەولێرو دهۆك و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆیە و 30 تەنكەری دیكەی نەوتی سپی بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەرین دەبێت .
لای خۆشیەوە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، کاروانەکە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەگاتە هەرێمی کوردستان و بڕەکەی دوو ملیۆن لیترە “بێبەرامبەر بەسەر هاووڵاتییانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، دابەشدەکرێت”.