زانیاریی نوێ‌ لەبارەی سەردانەكەی ماكگۆرك بۆ هەرێم ئاشكرا دەكرێت



ڕۆژنامەی “زە هێڵ”ی ئەمریكایی بڵاویكردەوە، لە سەردانەكەی ئەم دواییەی برێت ماكگۆرك ڕێكخەری كارەكانی كۆشكی سپی، بۆ كوردستانی عیراق هەموو بایەخەكان لەسەر هەرێمی كوردستان بوون، بەهۆی ناكۆكییەكانی ناوخۆی هەرێمەكە و هەڕەشە دەرەكییە سەربازییەكانی توركیا بۆسەر ناوچەكە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەكە كە ئەمڕۆ چوار شەممە بڵاوكرایەوە”پێكهێنانی حكومەتێكی تەوافوقی عیراقی كە هەردوو حزبە سەرەكییەكەی هەرێمی كوردستان لەخۆدەگرێت، نەدەكرا ببێت بەبێ‌ پشتیوانی ئەمریكا، چونكە ناوچەكە هێزەكانی هاوپەیمانان و زۆرێك لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لەخۆدەگرێت كە لە عیراق و سوریا كاردەكەن، باری ناسەقامگیری پێشوو لە هەرێمی كوردستانیش، وەك تەنگژەی دارایی لە 2020، دروستبوونی شەپۆلێكی پەنابەرانی كوردی بۆ ئەوروپا لێكەوتەوە”.

ڕۆژنامەكە نوسیویەتی”توڕەیی میللی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا گەیشتۆتە ترۆپك، كاتێك لە بۆردومانێكی توركیادا بۆ سەیرانگەیەك لە پارێزگای دهۆك هەشت مەدەنی كوژران و زیاتر لە 20 كەسی تر برینداربوون كە زۆربەیان گەشتیاربوون و لە ناوەڕاست و باشووری عیراقەوە هاتبوون، ئەو ئۆپەراسیۆنانەی توركیا بوونەتە ئاوارەبوونی خێزانێكی زۆر كە لە كەمینەكانی وەك ئێزدی و مەسیحییەكانن”.

ڕۆژنامەی “زە هێڵ” دەڵێت”توركیا دەڵێت بە فەرمی مۆڵەتی وەرگرتووە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لە عیراق، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی عیراق ئەو هێرشانە ئیدانە دەكات، بۆیە لەوبڕوایەداین حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێگەی بەو ئۆپەراسیۆنانەداوە وەك ڕووبەڕووبوونەوەیەكی بەغدا”.

هەر لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە”محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران، داوای هەماهەنگی زیاتری كردووە بۆ پاسەوانی سنورەكانی عیراق، لەوڕووەوە سوپاسالاری هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشی كوردستان لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە بەغدا بەشداریی پێكردووە”.

هەروەها ڕۆژنامەكە نوسیویەتی”ئەو ئاسایشەی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دروست دەكرێت، مانای ئەوەیە هێزە ئەمنییەكانی عیراق لەو ناوچانەدا بوونیان نابێت، هەرچەندە ئاسایشی سنورەكان مەسەلەیەكی فیدراڵی گرنگە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچانە وەك دوو هێزی جیا كاردەكەن، ئەم دابەشبوونەش مایەی مەترسی دروستبوونی شەڕێكی تری ناوخۆی لێدەكرێت كە پەرەسەندنێكی مەترسیدارە و كاریگەرییەكانی دەگاتە ناوچەكانی تری عیراق”.

نەوتەكەی عێراق بە خۆڕایی دابەش دەكرێت
پێت نەوتەكەی عێراق بە خۆڕایی دابەش دەكرێت
لە سلێمانی دوو كەس لەسەر وەرگرتنی پارە بەفێڵ دەستگیركران
دوات لە سلێمانی دوو كەس لەسەر وەرگرتنی پارە بەفێڵ دەستگیركران
پەیوەنیدر