لێكۆڵەرانی ئەمریكایی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەسیوپیا نەگەیشتنە ئەنجامێكی دڵنیاكەرەوە لەبارەی هۆكاری كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی جۆری بۆینگ 737 لە ئاداری 2019 دوای ماوەیەكی كەم لە فڕینی لە ئەدیس ئەباباوە، بەڵام دەڵێن ئەگەری زۆرە بەهۆی باڵندەیەكەوە بووبێت.
دەستەی نیشتمانی سەلامەتی گواستنەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ڕووداوەكە بەهۆی پێكدادان لەگەڵ تەنێكەوە بووە، كە بە ئەگەرێكی زۆرەوە باڵندەیەك بووە.
پێشتر دەسەڵاتی فڕۆكەوانی ئەسیوپیا ڕایگەیاندبوو، ڕووداوەكە، بەهۆی كێشەیەكی كارەباییەوە لە پێشی فڕۆكەكەدا بووە، كە لەسەرەتای دروستكردنی ئەو فڕۆكەیەوە هەر هەبووە.
ڕووداوەكە، بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٥٧ كەس كە سەرنشینی فڕۆكەكە بوون.
دەستەی سەلامەتی گواستنەوەی نیشتمانی ئەمریكا زانیارییە نوێیەكانی خۆی لەبارەی ڕووداوەكەوە لە ڕۆژی سێشەممە خستەڕوو، ئەوەش دوای سێ هەفتە لە ڕەخنەگرتنیان لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی ئەسیوپیا دەربارەی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە.
كەسوكاری قوربانییان داوایان لە وەزارەتی داد كردبوو، دووبارە دۆسێی ئەو فڕۆكەیە بكاتەوە و تێیدا كۆمپانیای بۆینگ ڕەزامەندی بۆ پێدانی 2.5 ملیار دۆلار لەبەرامبەر نەكردنەوەی دۆسیە لەدادگا دابوو.