دەسەڵاتدارانی توركیا، ڕاوەستانی دانوستانی سێقۆڵی لەگەڵ سوید و فنلەندا، لەبارەی هاتنەناوەوەیان بۆ هاوپەیمانی “ناتۆ”، بۆ كاتێكی نادیار ڕادەگەیەنێت.
سەرچاوە دیپلۆماسییەكان ڕایانگەیاند، لەسەر داوای حكومەتی توركیا كۆبوونەوەكان لەگەڵ سوید و فنلەندا ڕاگیران، بەبێ ئەوەی وادەیەك بۆ دەستپێكردنەوەیان دیاریی بكرێت.
بەپێی ئەو سەرچاوانە، وابڕیار بوو كۆبوونەوەی داهاتوو لە شوباتی داهاتوو لە برۆكسل سازبكرێت.
ئەم هەڵوێستەی ئەنقەرە، دوای ڕووداوی سوتاندنی قورئان بوو بەدەستی راسمۆس باڵۆدان لە شەممەی ڕابردوو لەبەردەم باڵیۆزخانەی توركیا لە ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید.
لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی توركیا ڕایگەیاندبوو،”سوتاندنی قورئانی پیرۆز ئاماژەیە بۆ ئاستی ئیسلامۆفۆبیا و ڕەگەزپەرستی و جیاكاریی لە ئەوروپا”.
دوێنێ دوو شەممە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ڕایگەیاند”دەبێت سوید لەئێستا بەدواوە چاوەڕوانی ئەوە لە ئەنقەرە نەكات هیچ هەنگاوێك بنێت بۆ پەسەندكردنی وڵاتەكە لە هاوپەیمانی ناتۆ”.
بە وتەی ئەردۆغان”دەیانەوێت پشتیوانی لە ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان بكەن و دژایەتی ئیسلام بكەن، لەگەڵ ئەمەشدا دەیانەوێت پشتیوانییان لێبكەین بۆ هاتنە نێو ناتۆ.. ئەمە هەرگیز ڕوونادات”.
سەرۆكی توركیا لە درێژەی قسەكانیدا ڕایگەیاندبوو”دەمانەوێت بەڕوونی بڵێین.. سوید لەئێستا بەدواوە چاوەڕوانی هیچ پشتیوانییەك لەئێمە نەكات بۆ هاتنە نێو هاوپەیمانی ناتۆ.. بەڕوونی دەیڵێین هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە سوكایەتی بە نەریتە پیرۆزەكانمان بكات”.
دەسەڵاتدارانی سوید لە شەممەی ڕابردوودا ڕێگەیاندابوو بە راسمۆس باڵودان سەرۆكی حزبی هێڵی توندڕەوی دانیماركی، تا لەبەردەم باڵیۆزخانەی توركیا لە ستۆكهۆڵم قورئانی پیرۆز بسوتێنێت.