بودجەی یەكەكانی 70 و 80 دەخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و ژمارەی لیوا هاوبەشەكانیش لە 14 لیواوە بۆ 19 لیوا زیاد دەكرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، لیژنەی باڵای بەدواداچوونی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، ڕێكەوتی 12ـی تەممووزی 2020، لە كۆبوونەوەی سێیەمی خۆی تایبەت بە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە، بڕیاری دا بە میكانیزمێكی نوێ میلاك و بوودجەی هەردوو یەكەی 70 و 80 بخاتەوە سەر وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە.
فەرمانگەكە ڕایگەیاند، لەم سێ ساڵەشدا بۆ ڕێكخستن و یەكخستنی هێزەكانی دەرەوەی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە، ژمارەی لیوا هاوبەشەكان لە 14 لیواوە كراونەتە 19 لیوا و میلاكی وەزارەتیش لە 43 هەزار و 347 پێشمەرگە بووەتە 60 هەزار و 16 پێشمەرگه.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەڵێت، بە مەبەستی بەئەلیكترۆنیكردن و بەسیستەمكردنی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە، بڕیار درا كە مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە لە بانكەكان و بەپێی هەژماری تایبەت بدرێت و ئێستا ژمارەی مووچە وەرگرانی پێشمەرگە بەپێی هەژماری تایبەتی بانك لە 5 هەزار و 818 پێشمەرگەوە گەیشتووەتە 33 هەزار و 800 پێشمەرگە.
فەرماندەییەكانی هێزەكانی پشتیوانیی 1، 2ـیش كە پێشتر لە چوارچێوەی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەدا نەبوون، لەماوەی ڕابردوودا خرانەوە سەر میلاكی ئەو وەزارەتە، ئەمەش وەك فەرمانگەی میدیا و زانیارییەكان باسی دەكات، بە دەستكەوتێكی گرنگ هەژمار دەكرێت.
وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكێكە لەو وەزارەتانەی لە ڕووی چاكسازی و یەكدەستكردنی میلاكەوە، لە سێ ساڵی ڕابردوودا كاری ڕژد و گەورەی ئەنجام داوە و فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش جەخت لەسەر سوربوونی كابینەی نۆیەم دەكات لەڕووی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە نێو سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە حكومییەكان و لەم پێناوەشدا هەنگاوی باشی بڕیوە.