ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسانی ئۆكراینا دەستلەكاركێشانەوە ڕادەگەیەنن، دوای ئەوەی میدیاكان ئاشكرایان كرد كە نرخی كڕینی چەك و تەقەمەنی بۆ سوپا زێدەڕۆیی تێدا كراوە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە ڕووسیا بەردەوامە لە هێرشەكانی بۆسەر وڵاتەكە.
بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان كە ئەمڕۆ سێ شەممە بڵاوبوونەوە، لەنێوان ئەو بەرپرسە باڵایانەی ئۆكراینا كە دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەش كردووە، ڤیاچیسلاڤ شابۆڤاڵۆڤ جێگری وەزیری بەرگری وڵاتەكەیە كە بەرپرسی پشتیوانی لۆجسنی هێزە چەكدارەكان و كیریلۆ تیمۆشینكۆ یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئیدارەی سەرۆكایەتی و ئۆلێكسی سیمۆنینكۆ جێگری داواكاریی گشتی.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئۆكراینا بڵاوكرایەوە”گەر ئەو تۆمەتانە بیِ بنەمابن، ئەوا ڕۆیشتنی شابۆڤالۆڤ ڕێگە بۆ پارێزگاریی لە متمانەی كۆمەڵگە و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان و زامنكردنی هەوڵەكانی ئاشكراكردنی كەیسەكە، خۆش دەكات”.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر حكومەت، فاسیل لۆزنسكی جێگری وەزیری گەشەپێدانی شارەوانییەكانی لەسەر كارلابرد بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل بە بڕی 400 هەزار دۆلار “بۆ ئاسنكاریكردن لە گرێبەستی كڕینی كەرەستە و موەلیدەی كارەبا بە نرخێكی زۆر”، لەكاتێكدا ئۆكراینا بەدەست كەمی كارەباوە گیرۆدەیە لە ئاكامی بۆردومانەكانی ڕووسیا بۆسەر دامەزراوەكانی بەرهەمهێنانی وزە لە وڵاتەكەدا.
تیمۆشینكۆ كە یەكێك بوو لە هاوكارە نزیكەكانی ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی لەو دەمەی لە ساڵی 2019دا بەسەرۆك هەڵبژێردرا و بەشێوەیەكی تایبەت سەرپەرشتی پرۆژەكانی چاككردنەوەی ئەو دامەزراوانەی دەكرد كە بەهۆی بۆردومانەكانی ڕووسیاوە زیانیان بەركەوتووە، ناوی لە ژمارەیەك كەیسی گەندەڵیدا هاتووە، بەر لە دەستپێكردنی هێرشەكانی مۆسكۆ و لەكاتی هێرشەكانیشدا.
لە تشرینی یەكەمی ڕابردوو، تۆمەتباركرا بە بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلێكی گرانبەها كە لەلایەن گروپی جەنەڕاڵ مۆتۆرزەوە بۆ مەبەستی مرۆیی پێشكەش بە ئۆكراینا كرابوو، لە دوای ئاشكرابوونی ئەو كارەش تیمۆشینكۆ گواستنەوەی ئۆتۆمبێلەكەی بۆ ناوچەیەكی نزیك لە هێڵی ڕووبەڕووبوونەوەكان، ڕاگەیاند.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەی “ئۆكراینسكا براڤدا”ی ئۆكراینا، سیمۆنینكۆی بەوە تۆمەتبار كرد كە لەم ماوەیەی دواییدا لە مۆڵەتێكیدا گەشتی بۆ ئیسپانیا كردووە، لەكاتێكدا سەفەركردنی پیاوانی ئۆكراینا كە لە تەمەنی شەڕكرندان قەدەغەكراوە بۆ دەرەوەی وڵات، تەنیا بۆ مەبەستی كارو و پیشە نەبێت.
وەك ڕۆژنامەكە باسی دەكات، سیمۆنینكۆ بە ئۆتۆمبێلی بازرگانێكی ئۆكراینا و لەگەڵ پاسەوانێكدا سەفەری كردووە.
ئێوارەی دوێنێ دوو شەممە 23ی كانووی دووەمی 2023، زیلینسكی ڕایگەیاندبوو، كۆمەڵێك لە بەرپرسانی ئۆكراینا لە پۆستەكانیاندا نامێنن.