دەستەی دەستپاكی لە عێراق رایگەیاند، دوو بەرپرس و سێ فەرمانبەری دیوانی وەقفی سوننی لە پارێزگای سەڵاحەددین، بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیركراون.
دەستەی دەستپاكی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، بەڕێوەبەری گشتیی ئێستای بەشی ئەندازیاریی، سەرۆكی ئەندازیاران و سێ فەرمانبەری دیوانی وقفی سوننی لە پارێزگای سەڵاحەددین، بەتۆمەتی گەندەڵی و زیانگەیاندن بەسامانی گشتیی دەستگیركراون.
روونیشیكردووەتەوە، ئەو كەسانە، گەندەڵییان كردووە لە بوودجەی دروستكردنی ٣٥ منارەی لە ئاسن دروستكراو بۆ مزگەوتەكان لە پارێزگای سەڵاحەددین كە بڕەكەی یەك ملیار و ٥٧١ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار دینارە.
باسی لەوەش كردووە، بەڕێوەبەری گشتیی ئێستای بەشی ئەندازیاریی، سەرۆكی ئەندازیاران و سێ فەرمانبەرەكەی دیوانی وقفی سوننی، بەپێی ماددەی (٣٤٠) لە یاسای سزاكانی عێراق و بەفەرمانی دادگای لێكۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەكانی دەستپاكی لە پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیركراون.
بەپێی ماددەی (٣٤٠) لە یاسای سزاكانی عێراق، ھەر بەرپرس و فەرمانبەریەك كە لە كەرتی گشتییدا خزمەت دەكات، ئەگەر بە ئەنقەست زیان بە سامان و بەرژەوەندیی ئەو شوێنەی تیایدا خزمەت دەكات، بگەیەنێت، بە زیندانیكردن سزادەدرێت، بەجۆرێك ماوەكەی لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.