سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن ئامادەكاری دەكەن و بەم نزیكانە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دۆلار سەردانی ئەمریكا بكەن، بە ئامانجی هێنانە ئارای ڕێككەوتنێكی ستراتیجی لەنێوان واشنتۆن و بەغدادا.
بڕیارە كۆتایی هەفتەی داهاتوو، وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی ئەمریكا بكات، دواتریش سەرۆكوەزیران، محەمەد شیاع سوودانی سەردانەكەی ئەنجام بدات.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان، ئامانجی ئەو سەردانە هێنانە ئارای ڕێكەوتنێكی ستراتیجییە لەنێوان هەردوو وڵاتدا، لە كاتێكدا خواستەكانی دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق زیاتر بوون و قەیرانی دۆلاریش سەریهەڵداوە، ئەم پرسانە دەبنە تەوەری گفتوگۆكانی هەردوولا.
حسێن عەلاوی، ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق، بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی ڕاگەیاندووە، پەیوەندییەكانی عێراق و ئەمریكا بەرەوپێشدەچن لە بوارەكانی هاوكاری و هاوبەشی و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ستراتیجی نێوانیان.
ئاشكراشیكردووە، سەردانەكەی شاندی باڵای عێراقیش بۆ ئەمریكا لەو چوارچێوەیەدایە بەتایبەتی لە پرسی قەیرانی دۆلار و مامەڵەكردن لەگەڵ دامەزراوە داراییەكانی عێراقدا.