ڕووسیا وادەی دەستپێكی جەنگە گەورەكەی ئاشكراكرد



 

ماوەیەكە كاربەدەستانی ڕووسیا دەڵێن جەنگی ئۆكراین بووەتە جەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیا لەگەڵ ناتۆ و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، میدیاكارێكی میدیای فەڕمی ڕووسیاش وادەی دەستپێكردنی جەنگی گەورە ئاشكرا دەكات.

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، دەوڵەتانی ڕۆژئاوا جەنگی ڕووسیایان لە ئۆكراین دەستپێكردووە، ئەوان خوازیاری یەكجاری وێرانكردنی ڕووسیان.

لە ماوەی ڕابردوودا كاربەدەستێكی دیكەی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، ڕووسیا لە ئۆكراین ڕووبەڕووی هاوپەیمانی ناتۆ دەبێتەوە.

ئێستا چاوەڕێی دەستپێكردنی ساڵی دووهەمی جەنگی ئۆكراین دەكرێت لە مانگی داهاتوودا، بەشێك لە شارەزایانی سەربازی بە جەنگی نیمچە ڕاستەوخۆی ڕووسیا و ڕۆژئاوا ناوی دەبەن، دوای ئەوەی چەكە پێشكەوتووەكانی دروستكراوی ڕۆژئاوا دەگەنە ئۆكراین بەتایبەت تانكە ئەمریكایی و ئەڵمانییەكان و سیستمی مووشەكی پاتریۆت.

مارگاریتا سیمۆنیان ڕۆژنامەنووسی ڕووسی و سەرنووسەری تۆڕی RTی ڕووسی نێودەوڵەتی ئاشكرایكرد “بڕیارە تا كۆتایی وەرزی زستان شەڕێكی گەورە دەستپێبكات، دوای ئەو هۆشدارییانەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕووسیا داونی”.

سیمۆنیان ئاماژەی بەوە كردووە، ئەگەر داواكارییەكانی پوتین جێبەجێ نەكرێن، ئەگەری هەیە ململانێی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا و ئۆكراین پەرەبستێنێت.

ناوبراو تیشكی خستە سەر داواكارییەكانی دانوستانەكانی ئاشتی كە پوتین لە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا ڕایانگەیاندبوو و ئاماژەی بەوەدا، پێناچێت هیچ كام لە لایەنەكان ئامادەبن پاشەكشە بكەن و ئەمەش دەبێتە هۆی ململانێی زیاتر.

لە 25ی كانوونی یەكەمدا پوتین ڕایگەیاند، ئامادەیە دانوستان لەگەڵ ئۆكراین و ڕۆژئاوا بكات سەبارەت بە كۆتاییهێنان بە ململانێكان، بەڵام پێداگری لەسەر ئەوە كرد، دەستپێكردنی گفتووگۆ كاری ئەو نییە.

پوتین ڕایگەیاند “ئێمە ئامادەین بۆ دانوستان لەگەڵ هەموو ئەوانەی پەیوەندییان بە پرسەكانەوە هەیە سەبارەت بە گەیشتن بە چارەسەرێكی قبوڵكراو، بەڵام ئەوە پەیوەستە بە ئەوانی دیكەوە، چونكە ئەوە ئێمە نین دانوستان ڕەتدەكەینەوە، بەڵكو ئەوانن”.

ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا دەشڵێت “پێموایە ئێمە بە ئاڕاستەیەكی دروستدا دەڕۆین، ئێمە بەرگری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانمان و بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان دەكەین، هیچ بژاردەیەكی دیكەمان جگە لە پاراستنی هاووڵاتیانمان نییە “.

جەنگی ڕووسیا

ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ڕووسیا لە ئۆكراین لە ٢٤ی شوباتی ساڵی ڕابردوو دەستیپێكرد.

ئەم ئۆپەراسیۆنە بووە هۆی سەرهەڵدانی خوێناویترین ململانێ لە ئەوروپا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.

شەڕی ئۆكراین بووە هۆی گەورەترین ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان مۆسكۆ و ڕۆژئاوا لە دوای قەیرانی مووشەكی كوبا لە ساڵی ١٩٦٢.

تا ئێستا هیچ نیشانەیەكی ئومێدبەخش بۆ كۆتاییهاتنی شەڕی نێوان هەردوولا نییە‌و كرێملن دەڵێت تا هەموو ئامانجەكانمان بەدی دەهێنین، شەڕ دەكەین.

كیێڤ ڕایدەگەیەنێت، تا دوا سەربازی ڕووسی لە خاكی ئۆكراین دەكشێتەوە، لەنێویاندا كریمیا كە ڕووسیا لە ساڵی 2014دا دەستی بەسەردا گرت، پشوو نادات و شەڕ دەكات.

نرخی دۆلار بەرز بووەوە
پێت نرخی دۆلار بەرز بووەوە
گۆرانیبێژێك دەستگیركرا
دوات گۆرانیبێژێك دەستگیركرا
پەیوەنیدر