شاهۆ حوسێنی، گۆرانیبێژی خەڵكی پاوە لەلایەن هێزەكانی حكومەتەوە لە ماڵەكەیدا ڕفێندرا و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٢٣ی جەنیوەری ٢٠٢٣) شاهۆ حوسێنی لە ماڵەكەی خۆی لە شاری پاوە سەر بە پارێزگای كرماشان لەلایەن هێزەكانی حكومەتەوە ڕفێندرا.
بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە شاری پاوە، ئەم هونەرمەندە دوای دوو ڕۆژ لە بڵاوكردنەوەی میوزیك ڤیدیۆیەكی بەناوی “بێلا چاو” لەلایەن هێزەكانی حكومەتەوە ڕفێندراوە.
لەم میوزیك ڤیدیۆیەدا كە وێنەی گیانبەختكردووانی جووڵانەوەكانی ئەم دواییەی تێدا بەكار هاتووە بۆ پشتگیری لە كۆمەڵگا و بابەتی “ژن، ژیان، ئازادی” بڵاوكراوەتەوە.
هەتا كاتی ئامادەكردنی ئەم هەواڵە، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەم هونەرمەندە نادیارە.