دوو بەندكراو بە ناوەكانی سابینا ئیسماعیلزادە، بەندكراوی كوردی خەڵكی شاری مەهاباد و ئەبولفەزل بەرقانینژاد، خەڵكی شاری كەرەج كە پێشتر بە تۆمەتی بازرگانی كردن بە ماددەی هۆشبەر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، سزاكەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی كەرەج جێبەجێ كرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سزای سێدارەی سابینا ئیسماعیلزادە، هاووڵاتیی خەڵكی شاری مەهاباد لە بەندیخانەی ناوەندیی كەرەج جێبەجێ كرا.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، سابینا ئیسماعیلزادە، تەمەن ٣٠ ساڵ و خوێندكاری بەشی ئەندازیاری، شەش ساڵ پێش بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان و لەلایەن هێزە حكوومەتییەكانی كۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر كراوە، پاشان لەلایەن دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامییەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند.
هاوكات لەگەڵ لەسێدارەدانی ئەو بەندكراوە كوردە، بەندكراوێكی خەڵكی شاری كەرەج بە ناوی ئەبولفەزل بەرقانینژاد كە لەسەر بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە سزای جێبەجێ كرا.
تاكوو كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو دوو بەندكراوە لە میدیاكانی حكوومەتی كۆماری ئیسلامی و بەتایبەت لە ڕاگەیاندنەكانی سەر بە دەزگای دادوەریی حكوومەت ڕانەگەیەندراوە.