ماملێ دەنگێكی هەمیشە زیندوو



ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی هونەرمەندی ناوداری كورد محەمەدی ماملێیە، ماملێ بە دەنگێكی ڕەسەن و ڕێبازێكی هونەری و موزیكی كوردی دادەنرێت.

محەمەدی ماملێ، كوڕی میرزا سەعیدی ماملێ (مام عەلی) لە ساڵی ١٩٢٥ لە بنەماڵەیەكی ھونەرمەند و نیشتمانپەروەر، لە گەڕەكی ھەرمەنییانی مەھاباد لەدایك ‌بوو.

لە زۆر كەسی بەتەمەنی ناوچەی موكریان بیستراوە، سەعیدی ماملێ لەگەڵ ھونەرمەندی بەناوبانگ سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی كە لە ساڵی ١٩٣٢ دا ھاتووەتە موكریان و لە باخی میرزا شەریفی حاجی ڕەشید، بۆ خەڵكی مەھاباد گۆرانی گوتووە، بەشدار بووە، ئەو دەنگخۆش بووە.

ماملێ لە بارەی باوكییەوە دەڵێت :”بابم نەخوێندەوار بوو و لە نێو بازاڕدا دوكانێكی بچووكی خوری فرۆشتنی ھەبوو. ئێمە شەش كوڕ و كچێك بووین، ھەربە گشتی تایفەی ئێمە، تایفەی گۆرانیبێژانە”.

ھەر‌چەند بنەماڵەی ماملێ بە تێكڕایی ھونەرمەند و دەنگخۆش و گۆرانیبێژن، بەڵام محەمەدی ماملێ ھونەرمەندێكی دەگمەن و ھەڵكەوتە بوو كە لە دوای میرزا سەعیدی باوكی و میرزا حوسێنی برای كە دە ساڵێك لە خۆی گەورەتر بووە، توانی وەك بەرپرس و نوێنەری ھونەریی ئەو بنەماڵەیە، بۆ ماوەی پەنجا ساڵ، مەقام و گۆرانی كوردی برەو پێبدا.

زۆر كەس لە سەر ئەو باوەڕەن كە ماملێ ھونەرمەندێكی ڕەسەن و خاوەن قوتابخانەیە. سەبارەت بە ماملێ دەڵێن: “زۆر بەجێ و ڕێ گۆرانی دەڵێت”.

ماملێ ھەر لە سەردەمی لاوییەوە وەك ھونەرمەندێكی ئازادیخواز و خەڵك‌خۆشەویست، دەركەوتووە و خۆی پێگەیاندووە.

ئامینە خان هاوسەری ماملێ كە لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو كۆچی دواییكرد، زیاد لە 40 ساڵ لەگەڵ هونەرمەند ماملێ ژیاوە، لەلێدوانێكیدا دەڵێت “بەختەوەرترین رۆژانی ژیانم ئەو كاتانە بوو كە لەگەڵ ماملێ بووم، ئەو هەمیشە جێگەی شانازییە بۆ ئێمە، خەڵكێكی زۆر لەهەر چوار پارچەی كوردستان رێزێكی زۆرمان لێدەگرن، بەڵام هیچی ناكاتە ئەوەی كە ئەو ئێستا لەنێوماندا بووایە”.

ئامینەخان وێنەیەكی ماملێی وەك ملوانكە بۆ هەمیشە لەمدایە، لەوبارەیەوە دەڵێت “ئەوە خۆشەویستی منە بۆ ئەو، سومبولێك بوو بۆ خۆشەویستی و جوانی، لەژیانم كەسم وەك ئەو نەبینیوە، خۆزگە چەند ساڵێكی دیكە تەمەنی بوایە و لەگەڵمان بژیایە، من ئەوەندە ساڵەی لەگەڵی ژیام زۆر بەخێرایی تێپەڕی”.

ماملێ لە 23ی كانوونی دووەمی ساڵی 1999دا لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كۆچی دواییكردووە و هەر لەوێش بە خاك سپێردراوە.

زۆر كەس لە بنەماڵەی ماملێ وەك گۆرانیبێژ دەركەوتوون، لەوانە جەعفەری ماملێ بڕای محەمەدی ماملێ، كۆچی دواییكردووە، عەبدوڵڵا ماملێ كوڕە گەورەی ماملێ ئێستا بەردەوامە لە هونەرەكەی، ژمارەیەك لە كوڕەكانی دیكەیشی جاروبار گۆرانی دەڵێن وەك عەزیزی ماملێ ئێستا بەهۆی تێكەڵاوبوونی بە كاری سیاسی گۆرانی ناڵێت، چالاكی ماملێ، چیای ماملێ، خۆسرەوی ماملێ هەندێك كات گۆرانی دەڵێن.

مەڵبەندی هونەری ماملێ كە بارەگاكەی لە نەرویجە و لەلایەن وریا ماملێ كوڕی ئەو هونەرمەندەوە بەڕێوەدەبرێت بووەتە ناوەندێك بۆ بە زیندووهێشتنەوە و بەردەوامیپێدانی ئەو خزمەتەی ماملێ لە هونەری كوردی كردووە.

مەڵبەندی هونەری ماملێ ساڵانە لە ساڵڕۆژی كۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی كورد محەمەدی ماملێدا خەڵات دەداتە هونەرمەندانی كوردستان لەوانە مەزهەری خالقی، عەباسی كەمەندی، ناسری ڕەزازی، باكووری و چەندین هونەرمەندی دیكە ئەو خەڵاتەیان پێدراوە.

وریا ماملێ بەڕێوەبەری مەڵبەندی هونەری ماملێ بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، مەڵبەندی هونەریی ماملێ لە ماوەی ١٤ ساڵی تەمەنیدا بە بەردەوامی ١٣ خەڵاتی ماملێی پێشكەشی هونەرمەندانی كورد كردووە‌و سەرەڕای كۆمەڵێك كەموكوڕی و گرفتی ماددی، هەوڵمانداوە لە هەموو بوارێكەوە بەتایبەت لە بواری سیاسی و داراییەوە سەربەخۆ بمێنینەوە.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، مەڵبەندی هونەری ماملێ بەردەوام لەگەڵ خۆشی و ناخۆشییەكانی نەتەوەكەیدا بووە و، شانبەشانی میللەتەكەی خۆی ژیاوە و وەك ئەركێكی هونەری و نەتەوەیی لە شادییاندا بەشدار و لە خەمیاندا خەمخۆر بووە.

ئاشكراشیكرد “لە ماوەی ڕابوردوودا لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمانمان گوشارەكان دەرحەق بە گەلی كورد گەییشتنە لوتكە و گەل بۆ داكۆكیكردن لە مافە سەرتاییەكانیان و بۆ وەدەستهێنانی سەربەستی، لە ژێر درووشمی (ژن، ژیان، ئازادی) ڕژانە شەقامەكان و قارەمانانە لە ماف و خوێنی هاونیشتمانیان بەرگرییان كرد”.

دەشڵێت “لەبەر ڕێزلێنان بۆ خوێنی شەهیدانمان و گەیاندنی یارمەتی بۆ بەركەوتەكانی تاوانەكانی كۆماری ئیسلامی، مەڵبەندی هونەریی ماملێ پێشكەشكردن و بەڕێوەبردنی خەڵاتی ماملێی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بە گونجاو نەزانی و بڕیاری دا تێچووی خەڵاتی ئەوساڵ بكاتە یارمەتی بۆ قوربانیان و بەركەوتووەكانی شۆڕشی ژینا”.

سوودانی: بەهای دۆلار دادەبەزێت
پێت سوودانی: بەهای دۆلار دادەبەزێت
باندێكی دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیركرا
دوات باندێكی دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیركرا
پەیوەنیدر