مەزلوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات، ڕایگەیاند، “ڕزگاركردنی عەفرین لەدەست داگیركاری توركیا” یەكێكە لە ئامانجە سەرەكییەكانی هێزەكانیان.
عەبدی لە تویتێكدا ڕایگەیاند، “پرسی عەفرین، گەڕانەوەی كورد، ڕزگاركردنی ناوچەكە لە داگیركاری و پووچەڵكردنەوەی هەوڵەكانی فراوانكردنی داگیركەری توركیا لە ئامانجە سەرەكییەكانمانن”.
هەینی ڕابردوو، پێنجەمین ساڵیادی داگیركردنی شاری عەفرین بوو لەلایەن توركیا و گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریای سەر بە ئەنقەرەوە، دوێنێ شارەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا بەم بۆنەیەوە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا بۆ ئیدانەكردنی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكە.
كۆبانێ ڕایگەیاند: بەرخۆدانی سەردەم تا سەركەوتن بەردەوام دەبێت، بەرخوودانی سەردەم بە ناوی شەڕی 58 ڕۆژی دژی هێرشی توركیا و گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بۆ سەر عەفرین كراوە.
عەفرین ئێستا لەلایەن توركیا و گروپە چەكدارەكانی سووریای سەر بە ئەنقەره داگیركراوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بەردەوام پێشێلكاری لەدژی مافی مرۆڤ تێدا ئەنجام دەدرێت، لەم دواییانەشدا دەستەی ڕزگاری شام كە پێشتر بەرەی نوسرە بووە و سەر بە ڕێكخراوی تیرۆرستی قاعیدەیە، لەناو عەفریندا جێگیربوون.