كۆماری كوردستان، تەمەنێكی كورت و پڕ شانازی



 

كوردستانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات چالاكی جۆراوجۆر بۆ ساڵوەگەڕی دامەزراندنی كۆماری كوردستان بەڕێوەدەبەن، كۆمارێك لە 22ی كانوونی دووەمی 1946 لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەمەد دامەزرا، هەرچەندە ئەو كۆمارە تەمەنی كورت بوو، بەڵام بە ڕای زۆرێك لە مێژوونووسان دەسەڵاتێكی جێ شانازی كوردە.

كۆماری كوردستان لە مەهاباد
لە ٢٢كانوونی دووهەمی ١٩٤٦ بە بەشداریی نوێنەرانی پارچەكانی دیكەی كوردستان پێكهاتنی یەكەم كۆماری كوردستان ڕاگەیەندرا.

پێشەوا قازی محەمەد سەرۆك كۆماری كوردستان لە ماوەی دەسەڵات‌داری كۆماری كوردستان ئەوەی پێویست بوو زۆر بە ڕاشكاوی بە شای ئێران و قەوام سەڵتەنە (سەرۆك وەزیرانی كاتی ئێران)ی ڕاگەیاندووە، پەنجەی لەسەر لاوازییەكانیان بەرانبەر بە گەلی كورد داناوە. بە ئاشكرا پێی گوتون، ئێوە لە قسەكانی خۆتان‌دا دوودڵن و ناتانەوێ مەسەلەی كوردستان چارەسەر بكەن.

كاتێك پێشەوا لەلایەن قەوام سەڵتەنەوە بۆ تاران بانگهێشت دەكرێت و لە ڕێكەوتی ٢٨ی یەكی ١٩٤٦ دەچێتە تاران، لەلایەن ژمارەیەك لە وەزیران، نوێنەرانی پەرلەمان و نوێنەری كوردانی تاران و نوێنەری حیزبەكان و یەكێتی كرێكاران لە فڕۆكەخانە پێشوازی لێ دەكرێت.

ڕووخانی كۆمار
دوای وتووێژی زۆر، تاران و كۆماری كوردستان بە خاڵێكی هاوبەش نەگەشتن و گرفتەكان چارەسەر نەكران. هەر بۆیە بەشوێن ماوەیەك هەڕەشە، و بە دوای وەر گرتنی هێندێك بەڵێن بۆ یارمەتیدان لە ڕووخاندنی كۆماری مەهاباد لە لایەن هەندێ لە سەرۆك عەشیرەتەكان، تەنانەت چەند كەس لەوانەی لەگەڵ قازی سەفەری باكۆیان كردبوو، تاران لە پێش‌دا هێرش دەكاتە تەورێز بۆ ڕووخاندنی كۆماری ئازەربایجان و پاشان هێرش دەكاتە سەر كوردستان.

بە هەڵاتنی سەرۆك كۆمار بۆ سۆڤیەت كۆماری ئازەربایجان ڕووخا و سووپاش شاری تەورێزی داگیر كرد.


دوای ئەوە سووپا لەوێوە بەرەو مەهاباد بە ڕێ كەوت. لەو ئەو ناوچانەی دیكە لە باشووری مەهاباد‌دا كە خۆیان بە بەشی كۆمار دەزانی و دەسەڵاتی تارانیان بە حكوومەتی ناوەندی نەدەزانی، واتە لە شارەكانی سنە، دیواندەرە، مەریوان هەتا نزیكی سەقز، لە چەند مانگ پێش ئەوە، هێزیان ئامادە كردبوو؛ بەڵام دوای تەورێز سووپا هێزی نوێی لە ڕێگای قەزوێن بۆ سەقز نارد و لە ڕێگەی بۆكان بە یارمەتی هێندێك لە كوردانی سەر بە حكوومەتی شا، ڕێگەی مەهابادیان گرتە بەر.

قازی وەك سەرۆك كۆمار بڕیار دەدات هەتا دەكرێت لە شەڕ خۆ بپارێزن، چونكە ماڵوێرانی پێوەیە، ئەگەرچی لە پێناوی وڵات هەمووان تێدەكۆشن، بەڵام بەهۆی جووڵانەوەی سەرنجڕاكێشی هێزەكانی سۆڤیەت، زۆر بە خێرایی، لە ماوەی چەند ڕۆژ كوردستان داگیر دەكرێت. ئەگەر چی ئەو ڕەخنە لە قازی، وەك سەرۆك كۆمار و جێی متمانەی جەماوەر دەگیرێت كە بۆ ئەوەندە پشتی بە یارمەتی سۆڤیەت بەستبوو كە بە بڕینی پشتیوانی لە كۆمار بە خێرایی كۆمار تێدا چوو؛ بەڵام لەوەدەچێ گەورەترین هۆی ڕووخانی كۆمار یەك‌نەبوونی هەموو دەستەكان بووبێت، تا ئەو ڕادەیە كە هێندێك هەتا سۆڤیەت كوردستانی چۆڵ كرد، نامەیان نارد بۆ تاران كە وەرن، ئێستا كاتی هێرشە.

مەلا مستەفا بارزانی كە ئەوكات لە مەهاباد بوو، هەوڵی دا كە قازی لەگەڵ خۆی بباتەدەرێ بۆ پاراستنی گیانی، بەڵام قازی‌ بەوە ڕازی نەبوو، دەیویست دەبێت لە سەر بەڵێنی خۆی بمێنێتەوە. قازی دەزانێ كە بە زوویی كۆمار دەڕوخێت؛ لە نێوان شەڕ یان خۆبەدەستەوە دان، وەك بەرپرسیارێكی گیانی خەڵك، بۆ بەرگری لە كوشتن و وێران كردن، وەك قارەمانێكی نەتەوەیی خۆ بەدەستەوە دەدات. هەڵبەت سەبارەت بەوە،‌ ڕەخنەدەگرن كە ئایا ئەگەر قازی لەگەڵ مەلا مستەفا بڕۆشتایە، دواتر نەیدەتوانی قازانجی زیاتر بێت بۆ گەلەكەی؟‌ بەڵام لە كاتی ماڵئاوایی لەگەڵ مەلا مستەفا، قازی ئاڵای كوردستان دەسپێرێت بە مەلا مستەفا و وەك وەڵامی ئەو پرسیارە دەڵێت: “من خۆم فیدای خەڵكی دەكەم و هیچ كات وەك پیشەوەری و سەرانی ئازەربایجان ناكەم تا وڵاتەكەم لە خوێن دا شەڵاڵ بێو هەزاران كەس بە كوشت بچن.”

سووپا كاتێك دەگاتە مەهاباد وەك پایتەختی كۆمار و وەك ئەو شارەی دەسەڵاتی كۆماری تێدایە، دادگایەك ڕێ دەخرێت و تێیدا قازی و ئەندامانی كۆمار بە چەند تاوانی سەرەكی دادگایی دەكرێن.

ئەگەرچی هەردوو كۆماری كوردستان و ئازەربایجان لەسەر پاڵپشتی سۆڤیەت دامەزرێندران، بەڵام كۆماری كوردستان ڕاستەقینە ئارەزووی جەماوەری كورد بوو. سۆڤیەت بۆ سوودی خۆی دەستی لە پاڵپشتی كێشاوە و دەسەڵاتی تاران هەردوو كۆماری لاوازی مەهاباد و ئازەربایجانی خنكاند.

دادگایكردنی قازی
لیژنەی تایبەت كە لە تارانەوە هاتبوون بە سەرۆكایەتی سەرهەنگ غۆڵام حوسێن عەزیمی دەگەنە مەهاباد و دادگا ڕێدەخەن.

پرسیارەكانی دادگا ڕوون نەبوون. لە لایەن قازیەكانەوە (قازی محەمەد، سەدر قازی، سەیف قازی) هەموو تاوانەكان ڕەت كرایەوە و داوای بەڵگەیان دەكرد. ئاشكرا بوو كە ئەو دادگا هیچ بەڵگەیەكی بە دەستەوە نەبوو.

تاوانەكانی قازی ئەمانە بوون:
گۆڕین و دەستكاریكردنی نەخشەی وڵاتی ئێران
ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و داگیركردنی بەشێك لە خاكی ئێران بە ناوی كوردستان.
بازرگانیكردنی نەوت لەگەڵ سۆڤیەت بە بێ ئاگاداری و ڕەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی.
ساز كردنی نەخشەی كوردستانی گەورە‌ بە لكاندنی كوردستانی ئێران، عێراق، توركیا و سووریا.
هێنانە ناوەوەی بێگانە و بەشێك لە خاكی ئێران خستنە ژێر دەستی (مەبەست مەلا مستەفا بارزانی).
دانانی ئاڵای تایبەت بۆ كوردستان بە نیشانی چەكوچ و داس بە شێوەی ئاڵای سۆڤێت.
لێدانی سكەی پووڵ بۆ كوردستان بە وێنەی ڕووپیەی ڕووسیی.

قازی هەموو تۆمەتەكان ڕەت دەكاتەوە و لە وەڵامدا دەڵێت ئاڵام داناوە بەڵام نە وەك ئەوەی ئەوان دەڵێن وەك ئاڵای سۆڤیەت. سەبارەت بە مەلا مستەفا بارزانی، ئەو بۆ خۆی هاتووەتە مەهاباد و كەس نەیهێناوە، ئەو كوردە و كوردستان ماڵی هەموو كوردێكە و هەر كوردێك بە ئارەزووی خۆی لە سەر هەر بستە خاكی كوردستاندا دەتوانێت بژی.

یەكێك لە تاوانەكانی سەرەكی سەدر قازی، جێگری سەرۆك كۆمار و برای قازی محەمەد نووسینی شیعرێكی گەرم بۆ بەخێرهاتنی بە مەلا مستەفا بارزانی بوو.

دادگاكە بە دانی بڕیاری لە سێدارەدانیان كۆتایی هات. بەڵام ئەمە كۆتایی كارەكە نەبوو. قازیەكان لە بەندیخانە‌ كران بۆ ماوەی سێ مانگ. دیسان بە هەمان شێوە دادگای پێداچوونەوە‌ بەڕێوە چوو، ئەگەر چی هەموان لە سەر ئەو بڕوا بوون كە بە تاوانبار ناسینی قازی هەر لە پێش‌دا وەك ئامانجی دادگاكان لە تارانەوە نیشان كرابوو.

پێشەوا و هاوڕێیانی ئەوەندەی لە ماوەی یازدە مانگی كۆماردا هەوڵیاندا، هەر ئەوەندەش لەو دادگا بوو، لە خۆبردوویی و ئازایەتییان لە خۆیان نیشان داوە.

لەگەڵ هەموو ئازاری دەروونی و ئەو ژیانە تاڵەی لە بەندیخانەی پادگانی مەهاباددا بۆیان پێك هاتبوو، نە تەنیا بڕوایان بە ئامانجەكانیان، لاواز نەببوو، بەڵكو زۆر بە ورەتر ببوون.

سێدارە
لە بەرەبەیانی (٣٠ی ئاداری ١٩٤٧)پێشەوا قازی، حەمەحوسێن خانی سەیف قازی (ئامۆزای پێشەوا) و قاسم سەدر قازی (برای پێشەوا) بە دوای حوكم دران لە دوو دادگای نایاسایی و فەرمایشیدا بەدەستی دوژمنانی گەلی كورد لە چوارچرای شاری مەهاباد، واتە هەر لەو شوێنەی (٢٢ی یەكی ١٩٤٦) كۆماری كوردستان لێی راگەیەندرابوو، لە سێدارە دران و شەهیدكران.

تەرمی ئەو شەهیدانە هەر ئەو ڕۆژە لە گۆڕستانی مەلا جامی بە خاكی نیشتمانەكەیان سپێردران. شوێنی گۆڕەكەیان ئێستاش لە ژێر چاودێری‌دایە.

هۆكاری ڕووخانی كۆمار
شرۆڤەكاران و شارەزایانی مێژوویی بەردەوام ئەوەیان دووپات كردووەتەوە، كە هۆكاری سەرەكی ڕووخانی شۆڕش و دەسەڵاتەكانی كورد لە ڕابردوودا دەگەڕێتەوە بۆ ناتەبایی و یەكگرتوو نەبوون، لەگەڵ پشت بەستن بە دەستی بێگانە و دۆستی دەرەكی، لە بری پشت بەخۆ بەستن، زیندووترین نمونەش بە كۆماری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و شۆڕشی ئەیلول لە باشووری كوردستان دەهێننەوە.

 

كارەبای پاكستان بڕا
پێت كارەبای پاكستان بڕا
هەپەگە: توركیا لە پشتی هێرشەكەی مێردینەوەیە
دوات هەپەگە: توركیا لە پشتی هێرشەكەی مێردینەوەیە
پەیوەنیدر